Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی: پار دوو کۆمپانیای ناوخۆیی گەنمیان وەردەگرت ئەمساڵیش دەتوانن بیکڕنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بەرھەمی گەنم باش بوو 500 ھەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرین و ئەگەر زانیمان زیاتر بوو رێگە نادەین جووتیارانمان زیانیان بەرکەوێت و کار دەکەین ئەوەشیان لێ وەربگیرێت، ھاوکات دەشڵێ، دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵیش دەستی پێکردووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو گرفتانەی لەبارەی وەرگرتنی گەنم ھەبوو لەئێستادا چارەسەرکراون و سەرەتا باس لەوەرگرتنی 3750 ھەزار تەن گەنم دەکرا لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت و دواتر داوامانکرد زیاتر بکرێت، ھاوکات شاندێکی ئێمە چوونەتە بەغداو رێژەکە زیادکرا بۆ 500 ھەزار تەن گەنم و ئێستا لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو رێژەیە گەنم وەردەگرن و چاوەرێ دەکرێت بەرھەم زیاتر بێت، ئەمەش بەحوکمی ئەوەی ئەمساڵ بارانی باش باری و بەرھەمیش باش بووە، بۆیە جارێ وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت تا دەگاتە 500 ھەزار تەن و ھەرکاتێک زانیمان زیاترە ئەوکات وەکو ئەوەی ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەر رێژەیەک بمێنێت ئەویش وەرگرین".

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "ڕاستە پار ساڵ دوو کۆمپانیا ھاوشێوەی عێراق گەنمیان وەردەگرت لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و ئەمساڵیش ئەگەر گەنم زیاد بکات دەتوانن بیکڕنەوە، بەڵام جارێ دیار نییە رێژەکە زیاتر دەبێت لە 500 ھەزار تەن گەنم یاخود نا و جووتیارانی خۆشمان ئازادن لەوەی گەنمیان پێ بفرۆشن یاخود نا".

شێخ کامیل باسی لەوەشکرد: "کارێک دەکەین بەھیچ جۆرێک جووتیارانی خۆمان زەرەرمەند نەبن و گەنمەکەیان لێ وەربگیرێت، ھەروەھا ئەمساڵ ھەر تەنێک گەنم بە 850 ھەزار دینار وەردەگیرێت".

ناوبراو گوتیشی: "وەکو قۆناغی یەکەم 40 ملیار دینارمان بۆ ھاتووە بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، کە ئێستا دەست بەدابەشکردنی کراوە، کە 20 ملیار دینار بۆ سلێمانی و 10 ملیار دینار بۆ ھەولێر و 10 ملیار دیناریش بۆ دھۆک دەبێت".

 

بڵند ئیبراھیم