Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فارس عیسا: لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەمان له‌باره‌ی مووچەی مانگی پێنجه‌وه‌ کردووە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ده‌ڵێ، ناردنی 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و ئەگەر ڕەوانەشی بکەن وەکو قەرز دەیدەنە ھەرێمی کوردستان و ھەرکاتێک بوودجە پەسەند بکرێت لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەیبڕن، بۆیە لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەمان کردووە بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانیش ڕەوانە بکەن.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق ئەو بڕیارەی داویەتی لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مانگانە تاوەکو پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پەسەند دەکرێت بەخۆڕایی ڕەوانەی ناکات، واتا وەکو قەرز دەیداتە ھەرێمی کوردستان، کە ھەرکاتێک پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پەسەندکرا لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەیبڕن".

فارس عیسا گوتیشی: "خۆم سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقم کردووە و داوام لێ کردووە کە 400 ملیار دیناری دیکە بۆ مانگی پێنجی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، چونکە تاوەکو پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق پەسەند دەکرێت ناردنی ئەو 400 ملیار دینارەش پێویستە بەردەوام بێت".

 

بڵند ئیبراھیم