Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەوکەوت بەربھاری: ھاتوچۆی ھاووڵاتیان و گەشتیاران لە دەروازەی پێشابوور ئاسایی بووەتەوە

دوای 25 ڕۆژ لە داخستنی، ئەمڕۆ دووشەممە دەروازەی پێشابوور کرایەوە و بەڕێوەبەری دەروازەکەش دەڵێ، ھاتوچۆی ھاووڵاتیان و بارزگانی وەک پێشتر لە پێشابوور ئاسایی بووەتەوە.

شەوکەت بەربھاری، بەڕێوەبەری دەروازەی پێشابوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێشنیوەڕۆ دەروازەی پێشابوور لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کراوەتەوە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا، ئێستا ھاتوچۆ ئاساییە لە نێوان ھەرێم و ڕۆژئاوا و ھەر کەسێک دەیەوێ سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەربازبوون لە پێشابوور.''

بەڕیوەبەری دەروازەی پێشابوور ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەر خاوەن نشینگە و ھاووڵاتییەک بیەوێ ھاتوچۆ بکات لە ڕێگەی دەروازەکەوە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاسایی ڕێگەی پێ دەدرێت، چونکە بڕیاری کردنەوەی بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان دراوە.''

شەکەوت بەربھاری گوتیشی: "ھاتوچۆ لە دەروازەکە وەک پێشتر ئاساییە، نەک تەنیا بۆ ھاووڵاتیان بۆ جووڵەی بازرگانییش ڕەوشەکە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام نازانین ڕۆژانە ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەروازەکەوە ھاتوچۆ دەکەن چەندە، چونکە ڕۆژانە ژمارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.''

قائید میرۆ