Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە گوژمەی 25 ملیار دینار پرۆژە لە سێکتەری ئاو جێبەجێ دەکرێن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کێشەکانی ئاو کەمتر بوون و حکوومەتی هەرێمی کوردستان 25 ملیار دیناری بۆ تەرخان کردووین و ئێستا دەکرێتە پرۆژە و لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، کە بەشێک لە پرۆژەکان کەوتوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە پلان و پرۆژەیان هەبووە، ئێمە سەپۆرتمان کردوون و بەرزمان کردوونەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان 25 ملیار دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە کە ڕاپۆرتێک لەبارەی پرۆژەکان ئامادە کرابوو، ئێستا بەشێکیان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێکیشیان ڕەزامەندییان بۆ گەڕاوەتەوە و لە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و وەزارەتی شارەوانی دانراوە .

ئاری ئەحمەد گوتیشی: هەندێک پرۆژەی دیکە ئەنجام دراون کە هەندێک لەسەر بودجەی خۆیان و هەندێکیش لەسەر پاڵپشتی پارێزگاکان لە سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ کاریان لەسەر دەکرێت و ئەمساڵیش کەشەکە باشترە، ئەمەش کاریگەریی خۆی هەبووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر باشترە، چونکە بە ئەنجامدانی پرۆژەکان بەشێک لە کێشەکان چارەسەر کراون لە سنووری سەنتەری هەولێر 65 بیر و لە دەوروبەریش 35 بیر لێ دراون و لە شارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە و پرۆژەکان بەشێکیان نۆژەن کراونەتەوە و تۆڕەکان ڕێک خراونەتەوە، ئەمانە هەمووی کاریگەرییان هەبووە.

ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گرفتی کەمئاویی هەولێر چارەسەر بووە و ئەو 25 ملیار دینارەی تەرخانیش کراوە دەکرێتە پرۆژە و دەدرێتە تەندەر و دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.

بڵند ئیبراهیم