Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بە بەرهەمی ناوخۆ پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و هەناردەی دەرەوەشی بکات

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا گرنگیی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات بە جۆرێک کە پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە و هەناردەی دەرەوەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی زۆر باش لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نراوە.

بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆرە زێدا محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ گرنگیی زۆریان بە بەرهەمی ناوخۆ داوە بۆ بەبازاڕکردن و بەبڕاندکردن و هەناردەکردن و بە هەموو شێوەیەک گرنگیی پێ دەدرێت، بەڵام بە هەنگاو کاری لەسەر دەکرێت، چونکە لە ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەت کار دەکات بۆ زیادکردن و بەبڕاندکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەریمی کوردستان، کە نوێنەری ئێمەشی تێدایە، چونکە لە زۆر بەرهەم ئێستا گەیشتووینەتە ئەوەی پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە وەکوو مریشک و هێلکە و لە سەوزە و میوە باشین و ئەمساڵ گەنمیش بەرهەمی زۆر باشە و بەرهەمی هەنگوینمان پارەکە هەزار و100 تۆن بوو و دابینکردنی شیرەمەنییش ساڵ بە ساڵ بەرهەمی زیاتر دەبێت و دوو ساڵی دیکە وا بڕوات لەویش دەتوانین پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە.''

دکتۆرە زێدا محەمەد گوتیشی: ئێمە سێ جۆرە پلانمان هەیە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلانێکمان هەیە کە بەرهەممان پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و هەناردەی دەرەوەی بکەین و پلانێکی دیکەمان هەیە کە بەرهەممان بە دنیای دەرەوە بناسێنین و پلانی سێیەمیش بەرهەممان پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە و هەناردەی خواروو وناوەڕاست دەکرێت وەکوو مریشک و هێلکە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ ئامانجی ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکات و پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستین و پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەینەوە و بۆ دەرەوەی وڵاتیش هەناردەی بکەین.

هەر لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، ئەحمەد جەمیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و پلانی هەیە ئەمساڵ بەرهەمی زیاتر بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێکی تایبەت لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات، بۆ ئەوەی لەپاڵ هەناردەی هەنار، سێو و ترێش هەناردە بکرێت و جگە لەوەش، کارگەی نوێ دروست دەکرێن، لەوانە کارگەی ئاوی میوە.''

ئەحمەد جەمیل گوتیشی: لە سنووری پارێزگای دهۆک گرنگیی زۆر بە کشتوکاڵ دراوە و ساڵ بە ساڵ بەرهەم زیاتر دەبێت و بەتایبەت بەرهەمی پەتاتە، کە ئەمساڵ 45 هەزار دۆنم زەوی چێنراوە و چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی زۆر بێت و بگاتە 400 هەزار تۆن و بەرهەمەکە ساخیش دەبێتەوە، چونکە 110 ساردکەرەوەمان هەیە لە سنووری دهۆک.''

 

بڵند ئیبراهیم