Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەیەکی یاسایی سەردانی ناوچە کوردستانییەکان دەکات

هەولێر -KDP.info- بڕیارە لیژنەیەکی یاسایی سەردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکانیش دەڵێ، حەفتانە ڕاپۆرت لەبارەی ڕەوشی ئەو ناوچانە دەدرێت بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

عەدالەت عومەر، ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەفتەی ڕابردوو دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لەبارەی کێشەی زەویوزار و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دیدارێکی ئەنجام دا، ئێمە پێمان وایە دەبێت کێشەی ئەو ناوچانە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێن و ماددەی 140ی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، حەفتانە دەستە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ڕەوشی ئەو ناوچانە دەداتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.''

ڕاوێژکاری دەستەکە گوتیشی: "ئێمە سەردانی ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێممان کردووە و لەگەڵ جووتیارانیش کۆ بووینەتەوە، داوامان کردووە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو دەڤەرە ئاسایی بکرێتەوە.''

عەدالەت عومەر ڕوونی کردەوە: بڕیارە لە ماوەکانی داھاتوو لیژنەیەکی یاسایی پێک بێت و سەردانی ئەو ناوچانەی سنووری ماددەی 140 بکات، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا کێشەیان ھەیە و لیژنەکە بۆ پشتگیریی خەڵکی ڕەسەنی ئەو دەڤەرانە سەردانەکانی دەست پێ دەکات.''

 

قائید میرۆ