Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵوێزی سوید له‌ عێراق كرد

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ بالوێزی سوید له‌ عێراق كرد و بارودۆخی گشتیی عێراق و په‌ره‌پێدانی په‌یه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سوید تاوتوێ كران.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 5/6/2023، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵوێزی سوید لە عێراق کرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌، مه‌سروور بارزانی، له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، په‌یامێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

"ئەمڕۆ پێشوازیمان لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵوێزی سوید لە عێراق کرد، گفتوگۆمان، لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرد.

سەبارەت بە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، جەختمان لە گرنگیی و پێویستی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆمان لەبارەی دۆخیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كرد و دووپاتمان کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت.

باڵیۆزی سوید، ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە.

باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بوو."