Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێبەجێکردنی پرۆژەی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بە هاووڵاتیان لە فراوانبووندایە

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری بە هاووڵاتیان بەردەوام لە فراوابووندایە و ئێستا لە شارە گەورەکانی نیشتەجێبوون تاقی دەکرێتەوە و ئەگەر سەرکەوتوو بن لە هەموو کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێستا دۆخی کارەبا زۆر باشە و بەرهەمیشمان زیادی کردووە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەهۆی ئەو پڕۆژە بەردەوامانەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات و کاری لەسەر دەکات دۆخی کارەبا بەردەوام لە باشبووندایە ئەمە چەند مانگێکە بەردەوامە و ڕاستە خۆی وەرزی بەهار هاوکار بووە و خەڵکی وەکوو پێویست کارەبای بەکار نەهێناوە، بۆیە بەو شێوەیە بەردەوام دەتوانن کارەبایەکی باش بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی هاوین دابین بکەن، بە مەرجێک خواستی کارەبا زۆر زیاد نەبێت، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەمساڵ دۆخی کارەبا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە دڵنیاییەوە باشتر دەبێت، چونکە بەرهەممان زیاترە کە 4 هەزار و200 مێگاواتە کە پارساڵ کەمتر بووە، چونکە خۆی گەرما بەتایبەت لە هەولێر لە 15/5 تا 15/10 گەرمە، بۆیە ئەو کاتە دیار دەبێت دەتوانین چەند کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین، بەڵام ئێستا لە مانگی شەشین و دۆخی کارەبا زۆر باشە.''

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: خۆی ئێمە بەرهەممان کەم نییە و دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات، بەڵام دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی پێ نەگەیشتووە و ئەو یەکانەیە غاز بەشیان ناکات، چونکە پێویستمان بە غاز هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەم، چونکە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی دیکەوە قورسە و بە هەموو تواناکانمانەوە لە ژێرخانی هەزار مێگاوات کە کردوومانە 100 مێگاوات تەنها 25 مێگاوات کارەبامان پێ دەدات ئەوەی خۆر کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە، بۆیە هەنگاونان بەو ئاڕاستەیە گرنگە، بەڵام ناتوانی قەرەبوو هەزار مێگاوات بکاتەوە.

ئەحمەد لەبارەی کارەبای 24 کاتژمێرکە پڕۆسەیەکە دەستیان پێ کردووە گوتی: ئەوە خۆی پرۆسەیەکی درێژخایەنە ولە هەندێک ستی دەستمان پێ کردووە وەکوو تاقیکردنەوە و چاودێری دەکەین بزانین ئەنجامەکانی چۆن دەبن و ئێستا لە شارە گەورەکانی نیشتەجێبوون دەستمان پێ کردووە و وردە وردە لە شوێنی دیکەش تاقی دەکەنەوە، بۆیە ئەگەر سەرکەوتوو بووین لە هەموو شوێنەکان جێبەجێ دەکرێت و کارەبای نیشتمانی دەبێتە 24 کاتژمێر.

 

بڵند ئیبراهیم