Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ئێستا گرفتێکی تر بۆ جووتیارانی کورد دروست کراوە

بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراقی دەڵێ، دوای ئەوەی توانرا کێشەی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت ئێستا گرفتێکی دیکەیان بۆ دروستکراوە، کە لەھەوڵداین ئەو گرفتەش چارەسەر بکەین.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەماوەی رابردوو رێگری لە جووتیارانی کورد دەکرا کە گەنمەکانیان بدوورنەوە، دوای ھەوڵێکی زۆر توانرا فەرمانێک دەربکرێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق کە جووتیارانی کورد پارێزگاریان لێ بکرێت لەلایەن ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق و ئێستا لەو ڕووە ھیچ گرفتێکیان نییە و جووتیارانی کورد لە ھەر سێ پارێزگای کەرکووک و دیالە و مووسڵ کاری دروێنە دەکەن و رێگریان لێ ناکرێت، بەڵام گرفتێکی دیکەیان بۆ دروست کراوە".

ناوبراو سەبارەت بەو گرفتە گوتی: "ئێستا گرفتێکی تازەیان بۆ جووتیارانی کورد دروست کردووە، ئەویش دوای ئەوەی گەنمەکانیان دەدوورنەوە دواتر نابێت زەویەکانیان بۆ ھیچ کارێکی دیکە بەکار بێنن، ئەوەش زیاتر لە سنووری سەرگەڕان و چەند ناوچەیەکی دیکەیە، بەڵام بۆ ئەوەش ھاتووینە سەرخەت و لەھەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەش چارەسەر بکەین، بۆیە ھەر جارە و بەجۆرێک گرفت بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم