Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''دانوستان دەربارەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە''

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، دانوستانەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوامە و دەشڵێت، ھەموو ھەوڵێک بۆ نەھێشتنی ئەو ماددانە دەدەین کە گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە لە قۆناغی دانوستانە و بەردەوامین لە دانوستانەکانمان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە و لەبەر ئەوەیش ناتوانم پێشبینیی خۆم لەبارەی وادەی دەنگدان لەسەر بودجە لەنێو پەرلەمان بڵێم، چونکە ھێشتا ھەر دانوستان دەکرێ لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان.''

د. ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ گۆڕینی ئەو گۆڕانکارییەی لەو ماددانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستان کراوە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەقەی پێشتر لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا ھاتووە نەک ئەوەی ئێستا گۆڕیویانە، تا پێمان بکرێت بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین''.

بەھۆی گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگیراون و ھەرێمی کوردستان ڕازی نییە بەو گۆڕانکارییانە.

 

قائید میرۆ