Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شكست لە دیموكراتیبووندا

زكری مووسا

بوونی ئۆپۆزیسیۆن لەناو سیستەمی سیاسیدا پڕۆسەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەرە و یارمەتیی سیستەمی سیاسیی و دەستەڵات دەدات بە هەڵەكانی خۆیدا بچێتەوە. ئامانجی ئەو جۆرە ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە لە ڕێگەی شەرعیەوە دەستەڵات بگرێتە دەست بەڵام قەت نیەتی ئەوەی نیە بنەماكانی فكری و سیاسی و یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی وڵات هەڵتەكێنێ، لە ڕاستیدا ناشبێ بە هیچ شێوەیەك بەو ئاقارەدا بڕوات. بوونی ئۆپۆزیسیۆن جوانی و عەقڵانیەت و لۆژیك و كێبڕكێی مەدەنیانە و دیالۆگ لەناو كۆمەڵگا بەهێز دەكات. هەر بەم پێیەش بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتێك بە باشی تێبگەیت سەیری ڕەفتاری دەستەڵات و سەیری ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنیش دەكرێ.

سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستان دیاردەیەكی تەندروست و دڵخۆشكەر بوو. بۆ ماوەیەك لە هەرێمی كوردستان ئۆپۆزیسیۆنبوون و ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنانە و بیروڕای ئۆپۆزیسیۆنانە و نووسینی ئۆپۆزیسیۆنانە لەنێو ناوەندە سیاسی و كولتووری و ئاكادیمی و تەنانەت جەماوەرییەكانی هەرێمی كوردستان بووە باو و تا ڕادەیەك بووە ماركە و ببوو بە بابەتی خۆهەڵكێشان. بەشی زۆری نووسەر و توێژەر و ئەهلی قەڵەم و مەعریفە لە دەربڕین و نووسینەكانیاندا ورد و وریا بوون بۆ ئەوەی نەكا بۆچوون و نووسینەكانیان بچێتە خانەی مەدحی دەستەڵاتداران و لە لایەن كۆمەڵانی خەڵك و چاودێرانەوە توانجی تێ بگیرێت. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەش بەحاڵی خۆیان یارمەتیی ئەوەیان دا بیركردنەوەی نەیاربوون و ئۆپۆزیسیۆنبوون پەل بهاوێژێت و گەشە بكات. ئەوە هەر هەمووی پڕۆسەیەكی ئاساییە و دەبێ پێشوازی لێ بكرێ و پشتیوانی بكرێت و بەهێز بكرێت.

بەڵام جێگەی داخێكی زۆرە ئۆپۆزیسیۆنبوون لە هەرێمی كوردستان نەیتوانی بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی وا بتوانێ خزمەتی كولتووری سیاسی و دەوڵەمەندتربوونی سیاسەت و مەدەنیەت و نیشتیمانپەروەری لە هەرێمی كوردستان بكات.

ئۆپۆزیسیۆن یان ڕەفتاری ئۆپۆزیسیۆنی نەیتوانی ببێتە ئاوێنەیەك بۆ دەستەڵات كە هەڵەكانی خۆی ببینێت و نەشیتوانێ ببێتە فاكتەرێكی كارامە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری دەستەڵات، هەروەها لەوەشدا تووشی شكست و لادان هات بتوانێ كولتووری سیاسیی وڵات بەهێز بكات و بەرچاوڕوونی و هۆشیاریی دروست بداتە هاووڵاتیان.

بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دەكەوتنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن یان خۆیان لە بەرەی دژە دەستەڵات وێنا دەكرد وردە وردە بەرەو دوو ئاراستەیەكی مەترسیدار و ناعەقڵانی شۆڕ بوونەوە. هەردوو ئاراستەكە نەك تەنیا هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ باشتركردنی دۆخی كوردستان پێ نەبوو بەڵكو بوونە هۆی زیاتر لێكهەڵوەشاندنەوەی چوارچێوە فكری و ئەخلاقی و سیاسییەكانی كۆمەڵگەی كوردستان. ئاراستەی یەكەم، بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێڕەوی جنێوفرۆشی و چەواشەكاری و سووكسەرنجدانی ئەو بەها مێژوویی و سیاسی و ویژدانی و كۆمەڵایەتییانە كە كۆی كیانی هەرێمی كوردستانی لەسەر بنیاتنرابوو. ئەم ڕێڕەوه‌ دواتر لە ئەدەبیاتی سیاسیی هەرێمدا ناوی ئیرهابی فكری لێنرا. ئیرهابی فكری پڕۆژەی ژیان و پێكەوەهەڵكردن و چاكسازی و بنیاتنان نەبوو، پڕۆژەی ڕق و ناوچەگەری و چەواشەكردن و ئاوەژوكردنی ڕاستییەكان بوو. ئیرهابی فكری بێ بەزەیی و نانیشتیمانی بوو، دژی هەموو ئەو مەفاهیمانە بوو كە دەبووە هۆی یەكگرتنی وڵات و پێكەوەنانی نەتەوە. ئیرهابی فكری موژدەی تێكدانی پێ بوو بەڵام بەرنامەی بۆ ژیان نەبوو. 

هاوتەریب لەگەڵ ئاراستەی ئیرهابی فكریدا دیاردەیەكی ناتەندروستی تریش بە تایبەت لە دوای 2010 وردە وردە پێی گرت و  دەركەوت و لە پاش ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر گەیشتە لووتكە. ئەم جۆرە سیاسەتە بە هیچ جۆرێك نەدەچووە چوارچێوەی چەمكی ئۆپۆزیسیۆنبوون یان ڕكابەرایەتیی سیاسی. كرۆكی ئەو ئاراستەیە بریتی بوو لەوەی چۆن بتوانرێ لە ڕێگەی بەغداوە زەبر لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوەشێندرێت و هەولێر لاواز و گۆشەگیر بكرێت. دەرئەنجامەكە هەر چییەك بێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە پارتی پێ سەغڵەت ببێ و هەرێمی كوردستان بكەوێتە سەر ئەژنۆ. ئەم خووە بەدكارانەیە كە بەداخەوە ئێستایش هەر بەردەوامە زیانێكی زۆر گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و هێز و تواناكانی خەڵكی كوردستان داوە. هەرێمی كوردستان بە نەیار و دوژمن دەور دراوە و خاكی لەژێر داگیركارییە، ئایا ڕەوایە كورد بیت و بێباكانە لەدژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەت بجووڵێیتەوە؟ 

بەڵام بۆچی ئۆپۆزیسیۆنبوون و ڕكابەریی سیاسی كە دیاردەی تەندروست و پێویستی كۆمەڵگەن، لە هەرێمی كوردستان گۆڕا بۆ ئیرهابی فكری و سیاسەتی دژایەتیكردنی هەرێم لە لایەن هەندێ لایەن؟ لە ژیانی مۆدێرن و دەوڵەتداری و مەدەنیەتدا ئەو دوو سلووكە نامۆ و دژەكولتووری و نابەجێن. ڕەنگە بتوانرێ بە دەیان وتار لەسەر هۆكارە سیاسی و مێژوویی و سایكۆلۆژییەكانی ئەو سلوكە نابەجێ و نامۆیە بنووسرێت بەڵام دەكرێ لە هەردوو ئاراستەدا خاڵێكی هاوبەش بدۆزرێتەوە، خاڵە هاوبەشەكە ئەوەیە كە هەردووكیان ڕەوتی نادیموكراتین و نایانەوێ و ناتوانن بەشێوەیەكی سرووشتی و دیموکراتیانە كاری سیاسی بكەن بۆیە تووشی ئەو لادانە هاتوون و لەوەدا هەم خۆیان و هەم كۆمەڵگەی كوردستانی و هەمیش دەستەڵات تووشی زیان بوونە.