Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌یامی پیرۆزبایی مه‌سرور بارزانی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گولان

لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان دەکەم.

شۆڕشی گوڵان کە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی له‌ ڕۆژگارێكی سه‌خت و دژواردا هه‌ڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی کوردستانیان و سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستانی لە پێناو بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و مافە ڕەواکانی، بە هەموو جیهان گەیاند.

یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە سەرەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 و پێکهێنانی دامودەزگا شەرعیی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لێ بکەین و بیانپارێزین.

لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەکە هەیە و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە .

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .

 

مەسرور بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

2023/5/26