هەولێر-KDP.info- لە یادی 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازی گەلی کورد، پێشمەرگەکانی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان داواکارن کە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن کە بە خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە بەدەست هاتووە و دەڵێت، ئەو شۆڕشە بووە هۆی ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست بێن.
سەدیق گۆران، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای شۆڕشی ئەیلوول بە چەند مانگێک، شۆڕشی گوڵان لەسەر دەستی ماڵی بارزانی دەستی پێ کردەوە، کە خەڵک نائومێد ببوو، جارێکی دیکە ئومێدیان بە خەڵک بەخشییەوە، ئەو کاتە لەژێر چاودێری و فشارێکی زۆر توانرا شۆڕشی گوڵان لە 26ی گوڵان و پێش 47 ساڵ دەست پێ بکرێت، بۆیە ئەو شۆڕشە جارێکی دیکە هەڵسانەوەی کورد بوو و توانرا جارێکی دیکە دەستکەوتێکی گەورە بەهۆی شۆڕشی گوڵانەوە بۆ کورد بەدەست بێت .
سەدیق گۆران گوتیشی: ئەو دەستکەوتانەی ئێستا بەدەست هاتوون، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەیە لە شۆڕشی گوڵان و ئەو شۆڕشە بۆ کورد زۆر گرنگ بوو، بۆیە ئەرکی هەمووانە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون بیانپارێزین و چاویشمان لەوانە بێت کە خەبات و قوربانییان داوە، بۆیە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد دەکەین، کە شۆڕشێک بوو لەپێناو مافەکانی گەلی کورد دەستی پێ کرد و بە قازانجی گەلی کوردیش کۆتاییی هات.
هەر لەم بارەیەوە، مەلا قادر محەمەد قادر، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول وگوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێویستە لەسەر هەمووان و ئەرکیشە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بازرانیی نەمر بەردەوام بین و خاک و نیشتمانی خۆمان بپارێزین و هەموو کاربەدەستانیش لەسەر هەمان ڕێباز بین و بەرگری لەو دەستکەوتانەش بکەین، چونکە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی هەمیشە بۆ خەبات و تێکۆشان بووە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد و شۆڕشی گوڵانیش لەو پێناوە دەستی پێ کرد.
مەلا قادر محەمەد گوتیشی: لەسەر بچووک تا گەورە ئەرکە بەرگری لە خاک و نیشتمان بکات و ئەوەی دەست بۆ خاک و نیشتمانی ئێمە درێژ بکات ڕێگریی لێ بکەین و ڕێگەی پێ نەدەین، چونکە ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتیداین و دەمانەوێت مافەکانیشمان بە ئاشتی بەدەست بێن، بەڵام ئەوەی دەست بۆ مافەکانمان ببات پێویستە بێینە دەنگ و ڕێگریی لێ بکەین، چونکە خەبات و قوربانیی زۆرمان لەپێناو کورد و کوردستان داوە و ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە، کە شۆڕشی گوڵان دەستی پێ کرد، توانرا جارێکی دیکە ئومێد بە گەلی کورد بداتەوە و دەستکەوتێکی زۆر مەزن بوو.
بڵند ئیبراهیم