Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە هەرێمی کوردستان کارگەیەکی بەستنی ئۆتۆمبێل دادەمەزرێت

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، کارگەیەکی تازە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە کە کاری بەستنی ئۆتۆمبێل دەبێت لە جۆری ئەڵمانی و هەرێمی کوردستان دەبێتە سەنتەری ئەو جۆرە کارانە و هەر کۆمپانیایەک بیەوێت ئەو کارە بکات، پشتگیری و ئاسانکاریی تەواوی بۆ دەکەین.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای هاتنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان پێشنیاریان کرد کە لە هەرێمی کوردستان کارگەیەکی تایبەت لە بواری بەستنی ئۆتۆمبێل دامەزرێنن و ئێمەش وەکوو دەستەی وەبەرهێنان ڕەزامەندیمان دا زەوییان بۆ دابین بکەین و ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکەین و پاڵپشتییان بۆ دووپات کرایەوە، بۆیە ئەوانیش دیراسە دەکەن و وەڵامی ئێمە دەدەنەوە بۆ دروستکردنی کارگەکە.

بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی: پێشتر لە بەسرا و باشووری عێراق ئەو کارە دەکرا وەکوو ئۆتۆمبێلی بیجۆ و لادا لەوێ دەبەستران و ڕەوانەی بازاڕی کڕین و فرۆشتن دەکرا لە هەموو عێراق و ئێستاش هەرێمی کوردستان دەبێتە سەنتەری ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت ئەو کارە بکەن، چونکە ئەوان پارچە هاوردە دەکەن و لە ڕێگەی کارگەکەوە کە ئەڵمانییە دەیبەستن و دەبنە ئۆتۆمبێلەکانی جۆری ئەڵمانی، بۆیە هەنگاوێکی گرنگە و سوودی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و ئێمە پێمان خۆشە کە دەرفەتی کار زیاد دەکات و گەنجانی ئێمە فێری ئەو پیشانە دەبن، بۆیە پشتگیری لە هەموو کۆمپانیاکانی جیهان دەکەین کە خاوەن پیشەسازیی بەهێزن لە جیهان.''

 

بڵند ئیبراهیم