Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠: بەعەرەبکردنی نوێ ڕەت دەکەینەوە

هەولێر -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ی ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێم جددییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و دەشڵێت: ''پرۆسەی بەعەرەبکردنی نوێ ڕەت دەکەینەوە و لە ڕێگەی دادگاوە کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە شۆڤێنێیەکان دەکەین.''

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەژێر ڕۆشناییی دەستووری عێراق، بەتایبەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە ڕێگەی دانوستانی نیشتمانی و حکوومەتی ھەرێم سازش لەسەر ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات، چ ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستانن، یان ئەوانەی ناوچەکانی کەرکووک و سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی ھەبووە لە بەرنامەی کابینەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و بە جددی بەرگری لە مافی موڵکداریەتیی جووتیارانی کورد دەکات.

نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ دەشڵێت: "وەک نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ لە بەغدا کار دەکەین لەبەر ڕۆشنایی دەستوور و ماددەکانی ٥٨ی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق و ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ھەروەھا ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا، لەبەر ئەوەش بەعەرەبکردنی نوێ ڕەت دەکەینەوە لە ڕێی یاسا و دادگاوە کاری لەسەر دەکەین بۆ ھەموارکردنەوەی ھەموو ئەو بڕیارە شۆڤێنیانەی بەناو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و بەناو ئەنجوومەنی کاروباری باکوور لە سەردەمی بەعس دەریان کردوون، ھەڵوەشێنینەوە .

دژوار فایەق ڕوونی کردەوە: ''ئێمە لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ھەموو وەزیر و پلەدارانی کورد لە بەغدا کار بۆ ئەوە دەکەین ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ھاوکار بن لەگەڵ نووسینگەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.''

قائید میرۆ