Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆڕشی گوڵان لە نائومێدیدا ئومێدی گەڕاندەوە بۆ کورد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ بەسەر پەرباکردنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا تێ دەپەڕێت و بەشداربوویەکی شۆڕشیش دەڵێ، ئەو کاتەی نائومێدی باڵی بەسەر کوردا ھێنا و پارتی دیموکراتی کوردستان توانیی ئومێد بگەڕێنێتەوە بۆ کورد و بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، سەرکردایەتیی کاتی پێک ھات و شۆڕشی گوڵان لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ دەستی پێ کرد.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ڕێککەوتنامەی شوومی جەزائیر گەلەکۆمەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کرا و ھەڕەشەی ئەوەیان کرد ئەگەر شۆڕش ڕانەگیرا بە ھەموو لایەک ھێرش دەکرێتە سەر کورد،  زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکاش دەستی لە ڕێکەوتنەکەدا ھەبوو، لەبەر ئەوەیش بە ناچاری وای کرد شۆڕش ڕاوەستا و بارزانیی نەمر بڕیاری دا لە ئێران نیشتەجێ ببین، ئەوەیش لەپێناو ڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو پیلانەی ھەبوو.

جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان گوتی: "ھاوپەیمانییەک لە نێوان عێراق و ئێران و چەند لایەنێک کرا ئەگەر ئێمە دەست بە شۆڕش بکەینەوە بە ھەموو لایەک لێمان بدرێت، لە لایەکی دیکەوە سەرۆک بارزانیی نەمر تووشی نەخۆشی بوو، لەبەر ئەوەیش نەخۆشکەوتنی بارزانیی نەمریش کاریگەریی ھەبوو لەسەر ئەوەی نەتوانێت زوو دەست بە شۆڕش بکاتەوە، بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی و شەھید ئیدریس لە ئێران مانەوە لەگەڵ بارزانیی نەمر و حکوومەتی عێراقیش تەقەی خۆشیی کرد، گوایە شۆڕشی کورد کۆتاییی ھات، لە لایەکی دیکەوە، ئێران زەبروزەنگێکی زۆری خستە سەر بارەگای بارزانی و ھەر کەسێک نزیکی بارزانی ببوایەتەوە یەکسەر دەستگیر دەکرا و ڕادەستی عێراق دەکرایەوە، خۆم لە یەکێک لە ئۆردوگاکانی ئێران بە شەش کەسەوە ڕادەستی ڕژێمی بەعس کرامەوە و تۆمەتەکەی منیش تەنیا ئەوە بوو جارێک خۆم بەدزی گەیاندە نەغەدە و سەرۆک بارزانیم بینی.''

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بێ ئومێدێکی زۆر باڵی بەسەر کوردا ھێنابوو ھەتا زۆر کەس ھەبوون پێشتر لەنێو شۆڕش سەرکردە بوون و خۆیان بێبەری کرد لە شۆڕش و بارزانیی نەمر، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لەسەر کانیاوێکی نەغەدە بە ناوی حەوت چەشمە ئەنجام بدات و سەرەڕای ئەو ھەموو چاودێرییەی لەسەریان بوو، توانییان کۆ ببنەوە کە محەمەد ڕەزا و ئازاد بەرواری و کەریم شنگالی و عارف تەیفوور تێیدا بەشدار بوون، بڕیار درا سەرکردایەتیی کاتیی شۆڕش پێک ھات و لەو ڕۆژەوە کادیرەکانی پارتی دەستیان بە جووڵە کرد بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش و سەرکردایەتیی پارتی دابەشی سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان کرا، لە ٢٦ی گوڵان یەکەم تەقەی شۆڕش دەستی پێ کرد و بەداخەوە سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی شەھید بوو.''

 

قائید میرۆ