هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنیی پارێزگای هەولێر ئاشرای کرد، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنیی پارێزگای هەولێر لەبارەی دیاریکردنی سنووری هەردوو قەزای پیرمام و عەنکاوە کۆ دەبێتەوە و دەنگیان لەسەر دەدات، کە چوار ناحیە بۆ سنووری قەزای پیرمام زیاد دەکرێت.
دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنیی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارێزگای هەولێر بە نووسراوی فەرمیی داوای لە ئێمە کردووە بۆ دەنگدان لەبارەی دروستکردنی چەند ناحیەیەک دوای ئەوەی بڕیاری بە قەزابوونی پیرمام و عەنکاوە درا، کە قەزای عەنکاوە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام قەزای پیرمام چوار ناحیە لە خۆ دەگرێت، ئەویش کۆڕێ و بناری سەفین و بەستۆڕە، دارەشەکران لە خەبات دەبێتەوە و، دەچێتە سەر پیرمام، بۆیە ئەوانە دەخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەوەی عەنکاوەش بەهۆی ئەوەی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هیچی بۆ زیاد ناکرێت و وەکوو خۆی دەمینێتەوە.''
عەلی ڕەشید گوتیشی: ''ئێستا نووسراوەکە لە لیژنەکاندایە و کاری لەسەر دەکەن و هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنیی پارێزگای هەولێر کۆ دەبێتەوە و دەنگ لەسەر زیادکردنی ئەو چوار ناحیەیە دەدات لە سنووری قەزای پیرمام و مانەوەی قەزای عەنکاوەش وەکوو خۆی دەبێت.''
بڵند ئیبراهیم