Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران ڕاوێژ و ڕاسپاردە دەدەنە سەرۆک بارزانی"

هەولێر -KDP.info- کارگێڕێکی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران دەڵێت، ئەرکی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران ڕاوێژە و ڕاسپاردە بۆ سەرۆک بارزانی ڕەوانە دەکەن و جگە لەوەش، پێشنیار ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی دەکەن لە هەموو بوارەکاندا، وەکوو سیاسی و ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەی پەیوەست بە پارتایەتییەوە.

کارگێڕی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران، ئاسۆ کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەنجومەنی باڵا تێکۆشەران لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیار لە دامەزراندنی دراوە لە ماددەی 15ی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی کە پەسەندکراوی کۆنگرەی 14ی پارتییە و باسی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران دەکات کە یەکەیەکی ڕێکخستنە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆک بارزانییە و ئەرکی ئەو ئەنجومەنەیە ڕاوێژ و ڕاسپاردە بۆ سەرۆک بارزانی ڕەوانە بکات و پێشنیاریش ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی بکات لە بواری سیاسی و ئابووری و کارگێڕی و هەر بوارێکی پەیوەندیی بە پارتایەتییەوە هەیە، یاخود سەرۆک بارزانی خۆی داوا لە ئەو ئەنجومەنە دەکات ڕای خۆی لەسەر پرسێک دەرببڕێت و بۆ سەرۆکی بنێرین.''

ئاسۆ کەریم گوتیشی: هێشتا بەو جۆرە دەستبەکار نەبووە و دوو کۆبوونەوەی کردووە زیاتر بۆ یەکترناسین بووە و ئەو ئەنجومەنە لە 43 ئەندام پێک دێت و دواین کۆبوونەوە مانگانە بووە وبۆ زیاتر یەکترناسین بووە، چونکە ئەندامەکان هەریەکەیان پسپۆڕییەکی هەیە لە بواری پەیوەندییەکان و دیپلۆماسی و حکومەت و پەرلەمان و کاری حیزبی، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە ئەنجومەنەکە خۆی ڕێک بخات و شوێنێکی هەبێت تایبەت بە خۆی بێت و کار لەسەر ئەوە دەکرێت و هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانێت ئەو ئەرکانەی خۆی ڕاپەڕێنێت کە لە کۆنگرە بۆی دیاری کراوە.

ئاسۆ کەریم باسی لەوەش کرد: بەرنامەمان دەبێت بۆ دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنەکاندا، هەریەکەو بەپێی پسپۆڕیی خۆیان بتوانن لە چەند بوارێکدا پێشنیار و ڕاسپاردە و ڕایەکانیان شوێنی ئیعتیبار بێت، چونکە هەموو ئەندامان ئەزموونێکی باشیان هەیە و لە بواری خۆیاندا کاریان کردووە.''

ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران لە 43 ئەندام پێک دێت و 14 لەوانە کارگێڕی ئەنجومەنەکەن و ئەوانەی دیکەش ئەندامن و سەرۆک بارزانی خۆی بە ڕاوێژ لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دیاریی کردوون و بڕیاری پێ دەرچووە لە 19/3/2023 و مەسعود ساڵەیی وەکوو سەرپەرشتیکاری ئەو ئەنجومەنە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی دیاری کراوە.

بڵند ئیبراهیم