Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی فریادرەسی نەتەوەیەك

د.محمد خدرمولود 

سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی (یادگەی نیشتیمانی بارزانی) لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دا 11 و12-5-2023ی، بە دەرفەتی زێرین زانی بۆ گەیاندنی مەبەست و ئامانجی گوتارە مێژووییەکەی.

لەو دوو ڕۆژەدا کە زۆربەی هەرەزۆری دبلۆماتکار و قونسوڵگەری و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی کوردستانی و عێراقی لە ئاستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارەوە تا زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و زلهێزانی دونیا بە ئەمریکا و ڕووسیاوەیش لە ڕێگای نوێنەر و بالیۆزان و دەسگاکانی میدیاوە ئاگاداری پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بوون. 

هەروا لە رۆژی دووەمیش دا لە 12-5-2023 دەستە بژێرانی تەواوی کۆمەڵگای کوردستانی لە چین و توێژە جیاجیاکانەوە لە ئاین و ئاینزا و پێکهاتەی نەتەوەیی جیا بۆ هەمان بۆنە، هەر لە بارزانی بەرخودان و نەچەمانەوەدا گوێیان لە پەیامە گرنگ و مێژووییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو.

دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی بانگەوازێکی بەپەلەی گرنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی دڵسۆزانەی سەرۆک و فریادرەسی نەتەوەیەکە، کە نەتەوەیەکەی لە بەردەم چەندین قەیران و ئالنگاری ناوخۆ و دەرەکی دایە، ناوچەکە و جیهانیش لە دوای شەڕی ڕووسیا لە ئوکراینا و سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ لە سودان و دابەشبوونی خەرتومی پایتەختیان بەسەر دوو بەرەدا و هەردوولاش ئاراستە و ئایندەیان نادیارە و لە ژێر هەژموونی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکانی زڵهێزانی دونیا دان. 

هەروا لە بێهێزی و پەرش و بڵاوی و تەنانەت غەفڵەتگیری و لەخۆبایی بوونی نەتەوەکانی ژێردەستەی وەک ئوکراینی و عەرەبی سوودانی و کوردی هەر چوار بەش لەوانیشەوە کوردستانی باشوور، خەریکە پرسی راستەقینەی نەتەوەیی نەتەوەکانی بن دەست و پێخوستی وڵاتانی زڵهێز لە بەین بچێ و بە سیاسەتی فرە جۆروچەشنی ئیمپریالیانەی کاپیتالیزمی سەردەمیانەی دیجیتەڵی پێگە و قەوارەی نەتەوە و وڵاتە بن دەست و پێخوستەکان زیاتر لە مەنگەنە بدرێ و بچووکتر بێتەوە. 

ئێستای هەرێمی کوردستان بەو بارودۆخە نالەبارە گوزەر دەکات، قەیران لە دوایی قەیران، ئاڵنگاری دوای ئاڵنگاری، گرفت دوایی گرفت، ناتەبایی دوای ناتەبایی ناو خۆڕووبەڕووی دەبێتەوە، سەرباری هەژموون و فشار و پلانی ئامادە و هەمیشەی  دەرەکی کە بەین نا بەینێ بە بەرنامە دارێژراوی بەرامبەر بە هەولێر پیادە دەکرێ.

ئەوانە هەموو بەلایەک، بەڵام ئەوەی هەرە گرنگە بۆ کورد و کوردستان ستراتیژیەت و دونیابینی و ئایندەخوازی سەرۆک مەسعود بارزانی یە بۆ پرس و دۆزی ڕەوای نیشتیمانی نەتەوەکەی کە هەردەم وەک ڕابەر و فریادرەس لە ساتە هەستیار و تەنگ و ناخۆش و پڕ لە کێشە و گرفتەکان دا دەردەکەوێ و ناکۆک و ناتەباکان کۆدەکاتەوەو ئەستەم و ئالنگارییەکان تێدەپەڕێنێ و مێزی گفتوگۆیان بۆ ئامادە دەکات. بۆیە لەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی دا  بە ڕوون و ڕەوانی ئەوە دەخوێنینەوە: 

لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، دوژمنان بە تووندی لە پرسی سەربەخۆی کوردستانی باشووریان دا و تا بۆیان لوا پێگە و سنوری جوگرافیای کوردستانیان بەرتەسک کردەوە و دیسان لە سەردەمی جیهانگیری و نەمانی دیکتاتۆریەتدا، ڕاگوێزان و وێرانکردن و تەعریب و داگیرکردن و داگیرکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی سنووری مادەی 140 هەر لە شنگاڵەوە تا خانەقین بوونەوە بە دیفاکتۆی تازە و بەغدا لە سایەیدا خەونی دێرینی عێراقی شۆفینی عەرەبی هێنا دی و وا چەندین سالیشە بە ئاین و ئۆنی پرسی بودجە و مووچە..!! نەوت و یاسای نەوت و غاز و پشکی هەرێم..!! دەیانەوێ پرۆسەی ئابووری سەربەخۆیی و گەشەسەندنی کوردستان پەکبخەن و سیاسەتی (مووچە هات، مووچە نەهات، بوودجە پەسند بوو!! پەسند نەبوو، پشکی هەرێم چەندە و چەند نییە!! شایستە داراییەکان چوونەتە سەر حیسابی بانکی هەرێم و...تد) پیادە بکەن و بە پاشکۆکردنی هەولێر بە بەغداوە و سیاسەتی برسیکردنی باشووری کوردستان و سفر کردنەوەی ئابووری و داهاتی هەرێمی کوردستان پیادە بکەن و شیردا بۆ داپیردا لە ماڵیکییەوە بۆ عەبادی و لە عەبادییەوە بو کازمی و لە کازمییەوە بۆ شیاع سوودانی دەستی دەستیمان پێ بکەن و پرس و دۆزەکەشمان لە سەر راستە رێی خۆی دا بەلارێدا ببردرێ و هەمووی لە مووچە و بوودجەدا کۆبکرێتەوە.

ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی کە خۆی لە گوتاری نیشتیمانی نەتەوەیی دەبینێتەوە و هەڵگری هزری یەک گوتاری سیاسیی کوردستانییە، رزگارکردنی ئەم بارودۆخەی ئێستای ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە لە فرەگوتاری و لە ترس و لە پرسی  هەڵبژاردنی پەرلەمان و ترس لە دۆڕاندن و ترس لە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە وەک فۆبیا هەندێ لە حزبەکان پێیەوە دەتلێنەوە، هەروا هاندانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، بەتایبەتیش هاندانی پارتی و یەکێتییە بۆ بە یەک ئاراستە کارکردن و یەک گوتاری و تێپەڕاندن و وەلانانی فرەگوتاری سیاسیی کە وەک پەتایەک لە ماوەی سەدەیەکی خەبات و تێکۆشاندا نیو سەدەیە دوو بەرەکی و دوو گوتاری بەرۆکی کوردستانی گرتووە. 

بە هەموو پێوەرێک، ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی کە خۆش بەختانە زۆربەی هەرەزۆری پارت و لایەنە کوردستانییەکان بە خۆشحاڵییەوە بەرەو پیری هاتوون، پەیام و گوتاری فریادرەسی بێ کەسترین نەتەوەی دونیایە کە تەنیا بارزان و چیا سەرکەشەکان پشتیوان و دۆست و هاورێ و هەڤاڵن. 

هەولێر 14-5-2023