Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەرەبووی ماددەی 140 دەست پێ دەکاتەوە

هەولێر -KDP.info- نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140 ئاشکرای کرد، قەرەبووی ماددەی 140 دەست پێ دەکاتەوە و ئەوانەی پێشتر ناویان تۆمار کردووە و مەرجیان تێدایە سوودمەند دەبن لە قەرەبووەکە.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسینگەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق نۆژەن دەکرێتەوە و ئێستا نووسینگەکە کارا کراوەتەوە، لەناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقیشدا پارە بۆ ماددەی 140 دیاری کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەکرێت کە کاتی خۆی فایلی خۆیان ڕادەست کردووە.''

نوێنەرەکەی ھەرێم دەشڵێت: "ھەر کەسێک ناوی تۆمار کرابێت و مەرجەکانی تێدا ھەبێت ئەوە سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی بڕی 10 ملیۆن دیناری عێراقی وەک قەرەبوو.''

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەوانەی ڕاگوێزراون سوودمەند دەبن لە بڕیارەکە و بە چەند وەجبەیەک پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە بەڕێوە دەچێت و سەدان کەس لە زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەمەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور.''

قائید میرۆ