Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێباری بۆ KDP: باسی ده‌ستبه‌كاربوونی دوو لیوا ھاوبەشه‌كه‌ ده‌كات

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانیەکان دەست بەکار دەبن و بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە پڕ دەکەنەوە، بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەش کارەکان بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و ھەنگاوی زۆر باشیش نراوە.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "داعش کۆتایی نەھاتووە و بەردەوام بوونیان ھەیە لەناوچە جیاجیاکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ناوە ناوە خۆیان بێ دەنگ دەکەن و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی کردەوە ئەنجامبدەن، چونکە بۆشایی ئەمنی ھەیە و ئەوانیش ئەو بۆشاییە ئەمنییە بۆخۆیان دەقۆزنەوە، بۆیە بڕیارە دوای پەسەندکردنی بوودجە ھەردوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانیەکان دەست بەکاربن، چونکە بوودجەیان بۆ تەرخانکراوە".

بابەکر زێباری جەخت دەکاتەوە: "بەدەست بەکاربوونی ئەو دوو لیوایە ئەو کێشانەی دروست دەبن چارەسەر دەبێت، چونکە بۆشاییەکە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان ھەیە، ئەو دوو لیوایە ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە، چونکە دوو لیوا زۆرە و دەتوانن سەرجەم ناوچەکان لە مەخموور تا خانەقین و کەرکووک کۆنترۆڵ بکەن و کۆتای بەو کێشانە بێنن کە بەردەوام بەھۆی بۆشایی ئەمنی دووبارە دەبنەوە".

لەبارەی ھەوڵەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، زێباری گوتی: "کارکردن بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە کارەکان بەڕێوەدەچێت و ھیچ کێشەیەکی نیە و کارەکانیش زۆر بەجوانی و رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، کە بینیمان ئەو لیوایانەی دروست کرابوون ئامادەکران و کرانە فیرقە، بۆیە پرۆسەیەکی ھەندێک زەحمەتە و وردەکاری زۆرە، بەڵام کارەکان بەردەوامە و بەباشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو لەشکرێکی نیزامی زۆر باش دروست دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم