Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەش مانگ دەرفەت دەدرێت بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ

هەولێر -KDP.info- یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار دەکرێتەوە و ئەندامێکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ، لە ھەمواری دووەمدا ماوەی شەش مانگ دەرفەت بە خاوەنخانووی زێدەڕۆ دەدرێت بۆ پێشکەشکردنی مامەڵەی خانووەکانیان.

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشتر لە ساڵی 2019 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکرا، بەڵام دواتر بەھۆی کەمیی ماوەی تاپۆکردنی ھەموار کرایەوە و دیسان ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان زۆر نەبوو نزیکەی 120 ڕۆژێک دەبوو لەبەر ئەوەیش ھاووڵاتیان ئەوانەی خانووی زێدەڕۆیان ھەیە نەیانتوانی داواکاری پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن.''

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی گوتی: "لەبەر بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان بڕیار دراوە بۆ جاری دووەم یاساکە ھەموار بکرێتەوە لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ھەموارەکە تەنیا بۆ ئەو ماددەیە دەبێت کە پەیوەستە بە دیاریکردنی ماوەی پێشکەشکردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان.''

سارا دڵشاد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ئایندەیەکی نزیکدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت و شەش مانگ دەرفەت دەدرێتە ھاووڵاتیان ئەوانەی خانووی زێدەڕۆیان ھەیە داواکاریی خۆیان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن، ئەوەیش وەک پێدانی دەرفەتی دیکە بە ھاووڵاتیان.''

 

قائید میرۆ