Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عزەت: خەریکی گۆڕانکارین لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ

چۆمان-KDP.info-  بەرپرسی لقی ٢٦ی پارتی جەخت دەکاتەوە، پارتی خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و گۆڕانکاری دەکات لە ھەیکەلی خۆی و دەشڵێت، بەپێی پلانێکی سەردەمیانە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین.

کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە خەریکی ڕێکخستنەوەی ھەیکەلی حزبین لە دەڤەرەکە تا ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێویستن، بکرێن و لە قۆناغەکانی داھاتوودا گۆڕانکارییەکان ئەنجام دەدرێن، ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێن لەسەر بنەمای پەیڕەوی حزب دەکرێن، پابەندی جێبەجێکردنی پەیڕەوی کۆنگرەی 14ی پارتیمانین و لەو چوارچێوەیەدا پلانەکانمان ئامادە کردووە و بە پلانی نوێ خزمەتی پارتی بکەین، بەپێی قۆناغی ئێستا و پێداویستی سەردەم بخەینە خزمەت خەڵکی ناوچەکە".

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "پەیوەندیی پارتی و باڵەکایەتی پەیوەندییەکی مێژوویییە و دەڤەری باڵەکایەتی پێش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ شۆڕشەکانی بارزان ھەبووە و کاتێک ساڵی 1944 بارزانی سەردانی ناوچەکەی کردووە بۆ وەرگرتنی پشتگیریی خەڵکی باڵەکایەتی، خەڵکەکە پشتگیریی بارزانییان کردووە و یەکێک لەوانە باپیری بەندە کە ھاوسەفەری بارزانیی نەمر بووە بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو".

کرمانج عزەت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول زیاتر لە 12 ساڵ سەرکردایەتیی شۆڕش لە دەڤەرەکە بووە و پەیوەندیی خەڵکی باڵەکایەتی و سەرکردایەتیی پارتی و بارزانی زیاترە لە ناوچەکانی دیکە، ھەروەھا پەیوەندییەکی ئەخلاقی ھەیە لە نێوان پارتی و باڵەکایەتیدا، خەڵک ئەو نازەی لەسەر حزب ھەیانە و ئێمەش وەک پارتی ئەو نازە بەسەر چاوانمان دادەنێین".

قائید میرۆ