Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەردان خدر: گۆڕانکارییەکانی ئەم جارەمان لە ئاست ڕازیبوونی ڕێکخستنەکان و ئۆرگانەکانی پارتی دەبێت

ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەرنامەمان هەیە لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش گۆڕانکاری و ئاڵوگۆر لە لیژنەی ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین و ئێستا خەریکی دیراسەکردنین، چونکە دەمانەوێت تەنها گۆڕانکاری نەبێت، بەڵکوو کاریگەریی هەبێت لە سەر  پێشخستنی دۆخی حزب و ڕێکخستنەکان لە دەڤەرەکە .

بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەردان خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەمان هەیە گۆڕانکاری لە لیژنەی ناوچەکان بکەین لە هەردوو قەزای بەردەڕەش و ئاکرێ، بەڵام دەمانەوێت دیراسەیەکی باشی ئەو پرسە بکەین، چونکە گۆڕانکارییەکان ئەم جارە تەنها گۆڕانکاری نەبێت، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر پێشڤەچوونی دۆخی حزب و ڕێکخستن هەبێت، بۆیە ئێستا دیراسە دەکەین دوای ئەوەی دیراسەکە تەواو دەبێت هەندێک گۆڕانکاری دەکەین کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر دەڤەرەکە و لە ئاست ڕازیبوونی ڕێکخستنەکان و ئۆرگانەکانی پارتی بێت لەو ناوچانە.''

مەردان خدر گوتیشی: ئێمە لە سنووری لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەردوو سنووری قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش نۆ لیژنەی ناوچەمان هەیە و ئەم جارە زیاتر تەرکیزمان لەسەر گۆڕانکاری دەبێت نەک ئاڵوگۆر کە کاریگەریی لەسەر ئەکتیفبوونی کاری حزبی هەبێت و ئۆرگانی پارتی و پێشخستنی کاری حزبی لە دەڤەرەکە، بۆیە تەنها ئاڵوگۆڕ نابێت و گۆڕانکارییش دەکرێت.

خدر باسی لەوەش کرد: خۆی ئێمە کۆنفرانسمان لەپێشە و بەپێی پەیڕەو پێویستە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێ کۆنفرانس ناکرێت و دوا خراوە، بۆ ئەوەی دۆخی حزب لەگەڵ ئەم قۆناغە بگونجێت هەندێک گۆڕانکاری دەکەین، کە هەم گۆڕانکاری و هەم ئاڵوگۆر دەبێت.

گوتیشی: هێشتا هیچ ناوێک یەکلایی نەبووەتەوە و چاوەڕێ دەکەین بیکەینە بڕیار و پرۆسەکە دەست پێ بکەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێت.

بڵند ئیبراهیم