Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سەرەتای مانگی پێنجه‌وه‌ دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدرامەت، لە مانگی پێنج سەرجەم پڕۆژەکان لە ھەرێمی کوردستان دەست بەدروستکردنیان دەکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی کارکردن بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بەردەوامە و لەسەرەتای مانگی پێنج تا کۆتایی مانگ سەرجەم پڕۆژەکانی ئێمە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەست بە دروستکردنی دەکرێت".

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئێمە نەوەستاوین و بەردەوامیش کاری بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دروست بکرێت، بۆیە خەریکی تەواوکردنی رێکارەکانین و لەمانگی داھاتوو سەرجەم پڕۆژەکان دەست بەدروستکردنیان دەکرێت".

بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بەقیستی درێژخایەن بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دروست دەکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم