Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جوان عەبدوڵڵا: لەناو پەرلەماندا ١٠٠ ئیمزا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆ کراوەتەوە

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە ١٠٠ ئیمزا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆ کراوەتەوە و دەشڵێت، پێویستە بڕگەیەکی نێو بودجە تەرخان بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.

جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەر پڕۆژەیەک بێتە نێو پەرلەمان بە ئیمزای ٢٥ پەرلەمانتار مافی ئەوەی ھەیە بڕگەیەک زیاد بکرێت، وەک پەرلەمانتارێکی پارتی کە بەڵێنمان بە کەسوکاری شەھیدان داوە خزمەتیان بکەین پێشنیاری زیادکردنی بڕگەیەکم لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق کردووە، بەتایبەتی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵی داھاتووە.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "داوای قەرەبووی زیانلێکەوتوانی ئەنفالی کوردستانم کردووە و بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستوور و بڕیاری دادگاش کەسوکاری جینۆسایدکراوان و ئەنفالکراوان مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە لە سالی ٢٠٠٨ دادگای باڵای تاوانەکان حکوومەتی عێراقی مولزەم کردووە بە قەرەبووکردنەوە.''

جوان عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "تا ئێستا توانیومە ١٠٠ ئیمزا کۆ بکەمەوە لەنێو پەرلەمان بۆ ئەوەی داوا لە لیژنەی دارایی بکەین بۆ زیادکردنی بڕگەیەک لەنێو بودجە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ماددی و مەعنەی قەرەبوو بکرێنەوە، بەردەوامیش دەبین لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ خزمەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان، زۆربەی پەرلەمانتارانی کورد ھاوکار بوون بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا.''

قائید میرۆ