Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ئاکرێ سێ جۆر بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن

ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، لە قەزای ئاکرێ کارگەیەک هەیە کە بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوە دەکات و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و ئاسانکاریی بۆ دەکەن، چونکە ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پشتگیریکردنی جووتیارانیش.

فازڵ مستەفا ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە قەزای ئاکرێ کارگەیەک دامەزراوە کە کاری هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە و سێ بەرهەمی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە برنجی کوردی و سماق و تەحینی ئامێدی. ئێستا ئەوکارگەیە کار دەکات وبەردەوامیش بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە و ئێمەش وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بە هەموو شێوەیەک پشتگیرییان دەکەین.''

فازڵ مستەفا ڕەشید گوتیشی: ''ئەو جۆرە کارگانە زۆر گرنگن و پاڵپشتییە بۆ جووتیاران و گەیاندنی بەرهەمی خۆماڵی بە بازاڕەکانی جیهان و ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی بە جیهان و ڕێگایەکی نوێیە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، بۆیە جووتیار سوودی لێ وەردەگرن، هەربۆیە ئێمەش پشتگیریی ئەو جۆرە کارگانە دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ ساخ بێتەوە، چونکە ئەوە پلانی وەزارەتیشە و ئاسانکاریی زۆریش دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە بکرێت.''

ڕەشید باسی لەوەش کرد: ئامادەکردنی ئەو سێ جۆرە بەرهەمە بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادە دەکرێت و زۆریش خاوێن و پاکێجکراوە و برینجیش چەندین جۆرمان هەیە و بە هەموو قەبارە و شێوەکان ئامادە دەکرێت، بۆیە ئەو کارگەیە زۆر گرنگە بۆ دەڤەرەکە و بەردەوامیش ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە دەکرێن و خواستی باشیشیان لەسەرە.''

 

بڵند ئیبراهیم