Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شەھیدان: بەھۆی چاکسازییەوە ھەزاران ناو لا دراون

هەولێر -KDP.info- لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان تا ئێستا ھەزاران ناو لا دراون و گوتەبێژی وەزاەرتەکەش جەخت لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی دەکاتەوە بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان بەردەوامە و ھەنگاوی زۆر باشیش نراون بۆ ئەوەی یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا بە فەرمانی وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھەر لە سەرەتای دەرچوونی یاسای چاکسازییەوە لە ڕێگەی لیژنە و تیمی تایبەتەوە لەژێر چاودێریی وەزیردا چاکسازی دەستی پێ کردووە.''

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتی: "لە ئەنجامی چاکسازییەکەی وەزارەتی شەھیدان پارەیەکی زۆر بۆ گەنجینەی حکوومەت گەڕاوەتەوە و ئەوانەی بە ھەر ھۆکارێک ناویان لە لیستی شەھیدان و شەھیدانی جینۆساید و زیندانیان و تاقانەکانی ئەنفال بەدەر لە مافی خۆیان تۆمار کراوە، ناویان لا دراوە و زیاتر لە ١٣ ھەزار ناو سڕاونەتەوە.''

عادل مەلا ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پرۆسەکە لە وەزارەتی شەھیدان بەردەوامە و لە ڕێگەی تیمی تایبەتەوە بەردەوام کار لەسەر پاککردنەوەی لیستی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەکرێت، ھەر کەسێک بەپێچەوانەی یاسای چاکسازی تۆمار کرابێت ناوی لا دەدرێت و یەکسانی دەچەسپێندرێت بۆ ھەموو کەسێک.''

قائید میرۆ