Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشەبودجەی هێزی پێشمەرگە لە بودجەی هێزی وشکانیی عێراق دانراوە

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پشکی هێزی پێشمەرگەش لە بودجەی هێزی وشکانیی عێراق دیاری کراوە و هێزی پێشمەرگە دڵنیا دەکەینەوە و پشتگیرییەکی تەواویان دەکەین بۆ ئەوەی بەشێکی باشی بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت و هەموو مافەکانیان دەستەبەر بکرێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا.

سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان و بەهۆی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان خوێندنەوەی تا ئێستا بۆ نەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەم دوو هەفتەیەدا پەرلەمان دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆ بێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پرۆژەیاسایە بکرێت.''

سەگڤان سندی گوتیشی: ''لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا پشکی هێزی پێشمەرگەش لە بودجەی هێزی وشکانیی عێراق دیاری کراوە، ئەویش بەپێی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە هێزی پێشمەرگە دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێکی باشی بودجە بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت و مافەکانیان لە بودجەدا جێگیر بکرێت.''

بڵند ئیبراهیم