Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ھەڵبژاردن ئیدارەی ناشەرعیی ناوچە کوردستانییەکان دەگۆڕدرێت

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان دەبێت و لەوانەش گۆڕینی ئیدارەی ناشەرعی لە کەرکووک.

مەم ئەسکەندەر، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەنگاوێکی باشە، بەتایبەتی ھەندێ خاڵی تێدایە لە بەرژەوەندیی کوردە، لەوانەش کارکردن بە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧، لە لایەکی دیکەوە دەنگدانی ئاوارەکانی شنگال لەنێو کەمپەکان و، زۆر خاڵی دیکەی تێدایە و بەگشتی بۆ قۆناغی ئێستا یاسایەکی باشە.''

ئەندامەکەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: "ھەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە ھەنگاوێکی گرینگ دەزانین، چونکە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 گۆڕانکاری لەو ناوچانە پەیدا بووە و گرووپی جیاواز ھەن بۆ تێکدانی ڕەوشی ئەو ناوچانە و ئیدارەی ناشەرعی لە ھەندێ شوێنی وەک پارێزگای کەرکووک ھەیە.''

دەربارەی ڕێژەی عەرەبی ھاوردە مەم ئەسکەندەر ڕوونی کردەوە: "ساڵی ڕابردوو ئێمە سەردانی ناوچە کوردستانییەکانمان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی ئەو ناوچانە ئامادە نین ھیچ ئامارێک دەربارەی عەرەبی ھاوردە بدەن بە ئێمە، ئەوەی ئاشکرایە بە پیلان ڕێژەیەکی زۆری عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ھاتوونەتە ناوچە کوردستانییەکان و لە بەرانبەردا کورد شوێنەکانیان چۆڵ کردووە.''

 

قائید میرۆ