Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٣٢ ساڵ بەسەر کۆڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت

هەولێر -KDP.info- دوای ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ھێرشێکی دڕندانەی کردە سەر ناوچە ئازادکراوەکان و بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە بەرەو سنوورەکان ئاوارە بوون و کۆچی ملیۆنییان کرد.

د. شوان خۆشناو، مامۆستای زانکۆ، لەبارەی کۆچی ملیۆنییەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆڕەوە ملیۆنییەکەی ۳۱ی ئازاری ۱۹۹۱ دەریخست ڕژێمی بەعس چەندە دڕندانە لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە، ڕێک دوای ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییە پیلانگێڕییەکەی جەزائیر لە ٦ی ئازاری ۱۹۷٥ کەوتبووە وێزەی گەلی کورد و تا پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی بەدوادا ھات، ھەموو ئەوانە و ھێرشی عێراق و داگیرکردنی کوێت بووە ھۆی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە کورستان و لە ماوەی تەنھا ۱٥ ڕۆژدا ٦ تا ۲۱ی ئازار ھەموو کوردستان بە شاری کەرکووکیشەوە ئازاد کرا، دوای ئەوە ڕژێمی بەعس ھەڵمەتێکی گەورەی سەربازیی بە پاڵپشتیی چەکی پێشکەوتوو دەست پێ کرد، ئەوە بووە ھۆی ئەوەی خەڵک لە ترسی گیان و ژیانی خۆیان ڕوو لە سنوورەکان بکەن، میدیاکانی جیھان ڕۆڵی کارایان بینی، تا لە چاوی کامیراکانیانەوە ئێش و کۆژانی ئەم گەلە بگوازنەوە.''

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "دواجار بەھۆی ھاوسۆزیی مرۆڤانە و لەژێر فشاری گەلانی ئازادیخوازی دنیادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاتە سەر خەت و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیسانی ۱۹۹۱دا چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە: نابێ بە چەک ھێرش بکرێتە سەر کوردستان و بڕیاری (٦٨٨) درا بە مەبەستی دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام و دژەفڕین لە سەرووی ھێڵی ۳٦ و دانانی بنکەی ھێزی چەکووشیی ئامادە لە تورکیا لە بنکەی ئینجەرلیک بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە سەرکوتکردنەوەیان لەلایەن حکوومەتەوە، ئیتر ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییانە کە بەرھەمی خەبات و خوێنی شەھیدان بوو، پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە.''

قائید میرۆ