Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە گوڵ و شیرینى پێشوازى لە گەشتیاران ده‌کەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ پێشوازى لە گەشتیاران لە ڕۆژانى جەژنى نەورۆزدا کردووە و دەشڵێ، گرووپەکانى گەشتیاریى وڵاتانى ئەورووپا بۆ کوردستان زیاد دەبن و تیمەکانیشمان لە بازگە و فڕۆکەخانەکان بە گوڵ و شیرینى پێشوازییان لێ دەکەن.

ئەمەل جەلال، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "زۆر سوپاسى کەرتى تایبەت دەکەین کە پڕۆژەى ناوازە ئەنجام دەدەن لە فێستیڤاڵى وەرزشى و هونەرى و چالاکیى جۆراوجۆر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، هەموو ئەو چالاکییانەش لە چوارچێوەى خزمەتکردنە بە بواری گەشتوگوزار".

جەلال گوتیشى: "بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان ڕاسپاردووە، تیمى پێشوازیکردن لە بازگەکان و فڕۆکەخانەکان بە گوڵ و شیرینى پێشوازى لە گەشتیاران بکەن، لەگەڵ پێدانى ڕێنوێنیى گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکانمان".

دەشڵێ: "لە تەواوى سەرشەقامەکانى ناوچە گەشتیارییەکان بە چڕى تیممان هەیە و عەلاگەى خۆڵ دەدەن بەو خێزانانەى دەڕۆنە سەیرانگاکان، بۆ ئەوەى بتوانین ژینگەى ناوچە گەشتیارییەکان بە پاکى و جوانى ڕابگرین".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "زۆر جار گەشتیاران گلەیى ئەوە دەکەن نرخ گران بووە لە ناوچە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، بۆ ئەوەش بە وردى چاودێریى نرخ دەکرێ لە میوانخانە و ناوچە گەشتیارییەکان لەلایەن تیمى ئێمە و پارێزگاکانیش، کە بەدواداچوون دەکەن و ڕێگە نادەین هیچ هەوڵێک بۆ گرانکردنی نرخ و قۆستنەوەى گەشتیار هەبێت".

روونیشی دەکاتەوە: "ماوەى دوو ساڵە ئێمە پلانى درێژخایەنى زیاترکردنى ژمارەى گەشتیار و بەهێزکردنى ژێرخانى گەشتوگوزار و فرەچەشنکردنى جۆرەکانى گەشتوگوزارمان داناوە، ئەوەى مایەى دڵخۆشییە پلانەکەمان شوێنى خۆى گرتووە و گرووپاتى گەشتیاریى ئەورووپى بەردەوام لە زیادبووندان".

"بۆ پشووەکانى ئەمساڵى نەورۆز و ئادار، گەشتیارى ئەورووپى هاتوونەتە کوردستان، دەمانەوێت گەشتیار لە وڵاتانى کەنەدا و ئاسیا و ئەورووپا زیاتر بکەین، جگە لە گەشتیارى عێراقى، ساڵى ڕابردووش ٦ ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە کوردستان و بۆ ئەمساڵیش پێشبینى دەکەین ٨ ملیۆن گەشتیار بێنە کوردستان".

 

عەزیز ڕەسووڵ