Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ باڵیۆزى ئیتالیا كرد

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 2023/3/18 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز ماوریتزیۆ گرێگانتى، باڵیۆزى ئیتالیا له‌ عێراق، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئیتالیا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربرینى سوپاس و پێزانین بۆ پشتگیریى ئیتالیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ردوودا هه‌یه‌ و هه‌نگاوه‌كانى تا ئێستاى حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق مایه‌ى ئومێد و خۆشحاڵین. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌غدا هاوبه‌شى سه‌ره‌كیى هه‌رێمى كوردستانه‌ و جگه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هیچ ڕێگه‌یه‌كى دیكه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ردوولادا نییه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزى ئیتالیا دیدارى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ كۆنفرانسى مانگى شوباتى ڕابردوو له‌ میونشن به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر ڕووى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بێت و بوارى سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان زیاتر ده‌كات.

پوخته‌ى كار و چالاكییه‌كانى ئیتالیا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسولى ئیتالیا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.