Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەیاد حەسەن: دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا جووڵەی بازرگانی بەرەو ئاساییبوونەوەیە

هەولێر -KDP.info- بوومەلەرزەکەی تورکیا کاریگەریی کردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی و سەرۆکی لقی دھۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیش دەڵێت، ڕەوشەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و تورکیا بەرەو باشتر دەچێت.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی لقی دھۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی ٦ی شوباتی ڕابردوو کارەساتێکی گەورە تورکیای گرتەوە و کاریگەریی خراپی ھەبوو لەسەر جووڵەی بازرگانیش، ئەوەیش وای کرد جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ ٥٠% کەم ببێتەوە بەھۆی کاریگەریی بوومەلەرزە، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانەی بە قەبارەیەکی گەورە بازرگانیی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە.''

سەرۆکی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی دھۆک دەشڵێت: ''بەھۆی زۆریی ژمارەی قوربانیان و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوخۆی تورکیا کارکردن لە زۆربەی کارگەکانی ئەو وڵاتە ڕاگیرا و خەڵکی نەچوونەتە سەر کار.''

ئەیاد حەسەن ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە مانگێک بەسەر کارەساتەکەی تورکیادا تێ پەڕیوە، بەڵام ھێشتا ئاسەواری ماوە لەسەر جووڵەی بازرگانی، ھەرچەندە ئێستا ڕەوش باشترە و ڕێژەی بازرگانی بەرەو ھەڵکشانە، بەڵام تا دەگەڕێتەوە ڕەوشی ئاساییی پێشووی، کاتی پێویستە و ئێمە بەوە گەشبینین ڕەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.''

قائید میرۆ