Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووچەی پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان ڕێک دەخرێتەوە

هەولێر -KDP.info- جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان ئاشکرای کرد، لە ڕێگەی فۆرمێکەوە پێداچوونەوە بە فایلی پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان دەکرێت و مووچەکانیان ڕێک دەخرێتەوە بە شێوەیەک دوای مردنیان مووچەکانیان بەردەوام بێت.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان ناویان لە دەزگای باڵا تۆمار کردووە و بەداخەوە بەھۆی تەمەنەوە ژمارەیەک لەو پێشمەرگانە لە ژیاندا نەماون، بەڵام ئێمە دەست لە خێزانەکانیان بەرنادەین و بەردەوام بەدواداچوون بۆ کەسوکاریان دەکەین و ئەوانەی پێشتر لە مووچە سوودمەند بوون، ھەوڵ دەدەن دوای کۆچی دوایی خێزانەکانیان سوودمەند بن و مووچەکانیان بەردەوام بێت.''

جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان گوتی: "بە گوێرەی ڕێنماییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان ڕێک دەخرێت و ئێستا خەریکی ڕێکخستنەوەی فایلی پێشمەرگەکانین و لە ڕێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە و زانیارییەکان تۆمار دەکرێن، زانیاریی وردی دەربارەی ھەر پێشمەرگەیەک تێدایە.''

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان چ ئەوانەی لە ژیاندا ماون و چ ئەوانەی نەماون لە ھەر شوێنێک پێویستیان بە ھاوکاریی دەزگا ھەبێت ئێمە لەگەڵیان دەبین لە بارەگای بارزانییەوە بگرە تا کۆتا فەرمانگەی حزبی و حکوومی ئێمە پشتگیرییان دەکەین لە کاتی پێویست.

قائید میرۆ