Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یوسف برادۆستی: ڕێبازی بارزانیی نەمر هەتاهەتا وەك قوتابخانەی کوردایەتی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە

ئەورووپا -KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان نووسەر و مێژوونوس، یوسف برادۆستی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی "بارزانیی نەمر، ڕەمزی نەتەوە و ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان" پێشکەش کرد.

ناوبراو سەرەتا لە ڕووی مێژوویییەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی بارزانیی نەمر دا وەکوو سەرکردە و کاریزمایەکی نەتەوەیی کە توانیی گیانی کوردایەتی لای هەموو کوردێك لە هەموو پارچەکانی کوردستان بچەسپێنێت و ڕۆحی موقاوەمەت و کۆڵنەدانیان بەهێزتر بکات. هەروەها باسی لە ڕۆڵی مەزنی بارزانیی نەمر کرد لە بەرگریکردن لە کۆماری مەهاباد و دەستپێکردنی شۆڕشی مەزن و سەرتاسەریی ئەیلوول کە یەکێکە لە هەرە گەورەترین و مەزنترین شۆڕشەکانی گەلی کورد. گوتیشی ڕۆڵی کەسایەتیی بارزانیی نەمر بوو وای کرد کەوا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا شۆڕشێك هەڵبگیرسێت بە ڕابەریی ئەو سەرکردە مەزنە کە سەرتاسەری کوردستانی باشوور بگرێتەوە و هەموو نەتەوە و ئایین و چین و توێژە جیاوازەکان لەژێر چەتری ئەو شۆڕشەدا کۆ بکاتەوە کە لە مێژووی کورددا ڕووی نەداوە. هەروەها گوتی، کەسایەتی و حیکمەتی بەهێزی مستەفا بارزانی نەبووایە ئەستەم بوو لەو ناوچە دژوارەدا بتوانرێت شۆڕشێکی ئەوها سەرتاسەری دژی داگیرکەر بەرپا بکرێت و سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا یوسف برادۆستی ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای باری سەختی جیوپۆلیتیکی کوردستان کە لەمپەرێک بوو لەبەردەم گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی، هەروەها دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بەڵام بارزانیی نەمر توانیی چۆك بە دوژمن دابدات و سەرکەوتنێکی مێژووییی گەورە تۆمار بکات و ڕژێمی بەعس ناچاری گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشدا بکات کە لە دەرەنجامدا ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری لێ کەوتەوە کە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی بۆ یەکەمین جار بوو ڕژێمێکی ناوچەکە دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت.

لە درێژەی بابەتەکەیدا، یوسف برادۆستی گوتی: ''بارزانیی نەمر سەرکردەیەك بوو بڕوای تەواوی بە جەماوەر هەبوو، بۆیە هەردەم لەناو گەلەکەی بوو، لەگەڵیان دەژیا و جیاوازیی لە نێوان هیچ کەسێك نەدەکرد و توانیی دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی دروست بکات کە لە مێژوودا تەنها سەرکردە سیمبولەکانی جیهان بیریان لێ کردووەتەوە. گوتیشی: "بۆیە ئەگەر باس لە مێژووی گەلی کورد بکەین، بەشی شێر بەر بارزانیی نەمر دەکەوێت، جا چ لە شۆڕشی ئەیلوول و لە باشوور بێت، یان لە هەموو پارچەکانی کوردستان. لە سەردەمی دروستبوونی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارزانیی نەمر لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕوویان لەوێ کرد بۆ پاراستنی ئەو تەجرەبە گەورەیە، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی بارزانی و کورددا، چونکە ئەو ئیسپاتی کرد کە بڕاوی بە سنووری دەستکردی دوژمن نییە و کورد دەبێت یەکدەنگ و یەکگرتوو بن و بەرگری لە یەکتر بکەن تا هەموو کوردێك دەگاتە ئازادی و سەربەخۆیی.''

گوتیشی: هاوشێوەی بارزانیی نەمر لە جیهاندا کەمن، چونکە ڕابەر و سەرکردەیەك بوو کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئاوات و ئامانجەکانی گەلەکەی تەرخان کردبوو، هیچ کاتێك بیری لە بەرژەوەندیی کەسی نەکردووەتە، ئەو ڕابەرە مەزنە، بە هزر و بیر و ڕێبازی ئەو سەرکردە مێژوویییە وەك ڕێنیشاندەر و قوتابخانە بۆ ئێمە و نەوەکانی تازە ھەمیشە دەمێنێتەوە.

سەڵاح جەلال