Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. عارف حیتۆ: ئەو کرێکارانەی بە قاچاغ کار دەکەن دەدرێنە دادگا

هەولێر -KDP.info- بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ١٦ ھەزار کرێکاری بیانی و ١٢٠ ھەزار کرێکاری ناوخۆ بەفەرمی تۆمار کراون و دەشڵێ، ئەو کرێکارانەی بە نایاسایی ھاتوونەتە ھەرێم و بە قاچاغ کار دەکەن، دەدرێنە دادگا.

د. عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا ڕێنمایی لەبارەی کرێکارانی بیانی دەرنەچوونە و تا ئێستا کار بە ڕێنمایییەکانی ساڵی ٢٠١٥ دەکرێت، بەڵام ڕەشنووسێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنین، ھاتنی کرێکاری بیانی کاریگەریی لەسەر کرێکاری ناوخۆ نییە، چونکە ئێمە تەنیا مۆڵەت بە ھاتنی کرێکاری ژینگەپارێز و ئەوانە دەدەین کە کاری ناوماڵان دەکەن.''

بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: "ئەو کرێکارانەی بە شێوەی نایاسایی دێنە ناو ھەرێمی کوردستان و بە شێوەی قاچاغ کار دەکەن کاریگەرییان لەسەر کرێکاری ناوخۆ ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بزانین ھەر کرێکارێک بە قاچاغ کار بکات ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە.''

د. عارف حیتۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە ھەرێمی کوردستان ئەوانەی بە شێوەیەکی فەرمی تۆمار کراون، ١٦ ھەزار کرێکاری بیانی ھەن کە لە ڕێگەی فەرمییەوە ھاتوون بۆ کارکردن و ژمارەی کرێکارانی ناوخۆش ١٢٠ ھەزار کرێکارن.''

قائید میرۆ