Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە یادی ڕێکكەوتننامەی یانزەی ئازار دا

ســەلام عەبدوڵڵا

53 ساڵ لەمەوبەر، رژێمی ئەوکاتی حکوومەتی عێراقی کە لە لایەن حزبی بەعسەوە بەڕێوەدەبرا، رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر واژۆ کرد کە تێیدا بۆ یەکەمینجار دانی بە ئۆتۆنۆمی کوردستاندا نا و بەمەش کۆتایی بە جەنگی 9 ساڵەی نێوان کورد و سوپای حکوومەتی عێراقدا هێنا و قۆناغێک لە ئاشتی و ئارامی لە کوردستان هاتە کایەوە کە تێیدا گەلەکەمان توانی پشوویەک بدات.

ئەگەرچی وەک لەمەودوا بە کردار دەرکەوت، مەبەستی سەرەکی حکوومەتی عێراقی کە لە لایەن پارتێکی ناسیۆنالیستی عەرەبی بەناو سۆسیالیست رابەرایەتی دەکرا، ئەم رێککەوتننامەیەی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد، لە بڕوابوونەوە بە دۆزی ڕەوای کورد و مافەکانی نەبوو، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی کۆڵەکەکانی حوکمڕانی و دەسەڵاتیان بوو، هەروەک بۆ نەخشاندنی بیچمی دژوار و مێژووی دزێو و خوێنڕێژی خۆیان و دارودەستەیان بوو بەرانبەر گەلانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوانامەیەکی دانپێدانراوی فەرمی نێوان حکوومەت و کورد بوو کە لەلایەن جیهانی دەرەوەش پێشوازییەکی گەرمی لێکراو وەک رێککەوتننامەیەکی فەرمی نێوان هەردوولا پێناسەکرا.

ئاکامی هەرە گرنگی ئەو رێککەوتننامەیە ئەوەبوو کە کۆتایی بە جەنگێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی نێوان شۆڕش و لایەنێک کە لەلایەن حکوومەتەوە بە چەک و جبەخانە پشتیوانی دەکرا، هێنا و گەلەکەمانی بە یەکگرتوویی نیشاندا، هەرچەند حکوومەتی عێراقی لەو بڕوایەدا نەبوو، بەڵکوو ئەوان چاوەڕێی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیان دەکرد بەجۆرێک کە بایەخی رێککەوتننامەکە نەهێڵێ و روویەکی ناتەندروستی گەلەکەمان بە جیهان ئاشنا بکات.

لەڕاستیدا سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵە دەگەڕێتەوە بۆ حیکمەت و دووربینی و ئەزموونی خوالێخۆشبوو بارزانیی نەمر کە بە لێبوردن و سیاسەتی لێبوردەیی خۆی و ڕەچاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی توانی پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکاتەوە و روویەکی گەشی گەلەکەمان نیشانی دۆست و دوژمن بدات.

ئەوە وانەیەکی مێژوویی بوو، کە یەکگرتوویی و تەبایی دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت و پەرتەوازەیی و دژایەتی یەکتر و لایەنگریی نەیاران ماڵوێرانی دەخوڵقێنێت، کە ئەو ئەزموون و وانەیەی بارزانیی نەمر، ئەمڕۆ، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانیی پیرۆز پەیڕەو و جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە وەک پێشبێنی دەکرا، رێککەوتننامەکەیان کە ماوەی 4 ساڵی بۆ دانرابوو، جێبەجێ نەکرا و به‌مه‌ش حكوومه‌ت و رژێمی به‌عس رووی دزێوو راسته‌قینه‌ی خۆی نیشانداو جارێکیتر شەڕ بەسەر گەلەکەماندا سەپێندرا.