Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی(٥٣)یەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی (١١ـی ئاداری ١٩٧٠)


ئەمڕۆ (٥٣)ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی(١١ـی ئاداری ١٩٧٠)تێدەپەڕێ، ئەو ڕێککەوتننامەیە لە نێوان سەرکردایەتی سیاسی شۆڕش بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) و حکومەتی ئەوسای عیراق مۆرکرا، ئامانج لەو ڕێککەوتننامەیە بەدەستهاتنی چەند دەستکەوتێکی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان بە گشتی.

ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان چەندین ڕەهەندی گرنگی بەخۆوە گرت لەوانە سیاسی و نەتەوەیی و یاسایی، جگە لەوەی بە شیوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراق دانی نا بە مافەڕەواکانی گەلەکەمان.
تایبەتمەندی ئەو دەستکەوتە مەزنە لەوەدابوو بووژانەوە و گەشە و ڕابوونێکی سەرتاسەری ئەو شار و شارۆچکە و ناوچانەی تایبەت بوون بەو ڕێککەوتننامەیەی گرتەوە، بەمەش جەماوەری گەلەکەمان و کوردستانیان توانیان مافی ڕەوای خۆیان پیادە بکەن و بە کردەنی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و بونیاتنانەوەی وڵاتەکە بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانیان.
ڕۆڵ و پلان و حیکمەتی (بارزانی نەمر) لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی(١١ـی ئادار)ئەو ئاواتەی هێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ ئاوەڵاکردنی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و هەنگاونان بۆ ملکەچپێکردنی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە.
لەو بەند و خاڵە گرنگانەی لەو ڕێککەوتننامەیە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی، ئاماژەی پێدرا بریتی بوون لە: گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکدێت، کە نەتەوەی کورد و نەتەوی عەرەبن، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی بە زمانێکی فەرمی دادەنرێ، هاووڵاتی کورد لە فەرمانە گشتییەکاندا بەتایبەتی پلە و پۆستە هەستیار و گرنگەکان ڕۆڵ و مافی دەبێ وەک وەزارەتەکان و سوپا، برەودان بە کەرتی پەروەردە وفێرکردن و بواری کولتووری و ڕۆشنبیریی و میدیایی و پیشەیی، پەلەکردن لە جێبەجێکردنی یاسای (ئیسلاحی زراعی). 
ڕێککەوتننامەی(١١ـی ئادار)بۆیە وەک خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێ لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان، لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەنگدانەوەی خۆی هەبوو، جگە لەوەی دەرفەتێکی تر بوو بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و خەبات و تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، بۆیە ئەو ڕێککەوتننامەیە بە هەنگاوێکی بەسوود بۆ سەرجەم گەلان و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە ناسرا.
ڕێککەوتننامەی(١١ـی ئادار) کە بەرهەم و دەرەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و خۆڕاگری و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پارتیمان بوو، ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ، هەروەها لەو قۆناغەشدا بناغەیەکی ڕاست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، جگە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان و ئاوەدانی و بونیاتنانەوە.
ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی (بارزانی نەمر) و پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، بەڵام حکومەتی عێراق نەیدەویست ڕێککەوتننامەکە بە ئەنجام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە هەنگاوی یەکلایەنانە دژ بەو ڕێککەوتننامەیە و سستی نواندن لە جێبەجێکردنی وەک نکوڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردیبوونی شاری کەرکووک و ئەنجامنەدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، هەروەها گۆڕینی دیموگرافی خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی دابڕینیان لە خاکی کوردستان، بۆیە ساڵی(١٩٧٤)سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری خۆیدا و شەڕ هەڵگیرسایەوە.
هیوادارین ئەو بۆنە گرنگ و مێژووییە ببێتە هەوێنی  هەماهەنگی و  هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانمان و دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە ڕەواکانمان بەپێی یاساو دەستوور.
بیرەوەری ڕێککەوتننامەی(11ی ئادار) هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژژمێری ئازادکردنی شاری هەولێر لە(١١ـی ئاداری ١٩٩١) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم  لە ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی شاری دێرین و پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین هەمیشە ئاسوودە و ئارام و لە پێشکەوتندا بن.
لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی(11ی ئادار)پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان  دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان..
سڵاو لە بیرەوەری(٥٣)ساڵەی ڕێککەوتننامەی(١١ـی ئاداری١٩٧٠)
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.. 
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١١ـی٣ـی٢٠٢٣