Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرواری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەكه‌ی پارتی و یەکێتی بۆ KDP ئاشكرا ده‌كات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی شاندی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لە رووی تیۆرییەوە لەسەر هەموو پرسەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنها پرسی پێکهاتەکان ماوە، کە ئەویش بڕیارە خۆیان بڕیاری لەبارەوە بدەن. دەشڵێ، ئەمڕۆ ئەو رێککەوتنەی کراوە، بۆ لایەنەکان ڕوون دەکرێتەوە.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەکانی دیکە کۆدەبنەوە، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، چونکە ئەوانیش بەشدار بوون لەو پڕۆژەیەی یەکێتی و چوار لایەنی دیکە پێشکەشیان کردبوو وەکو دانپێدانانێک بە مافی ئەوان کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆ ئەوەی رای ئەوانیش وەرگرین کە لەسەر چی رێک کەوتووین".

عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: "لە بواری تیۆرییەوە هیچ نەماوە بۆ رێککەوتن لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا لەبارەی هەڵبژاردنەوە، لە کۆبوونەوەی یەکەم پرسەکانی سیستمی هەڵبژاردن یەکلا کرایەوە و ئەوەی پێکهاتەکان مابوو، ئەویش لە دوایین کۆبوونەوە رێککەوتین کە رای پێکهاتەکان وەربگرین و ئەوان چییان بوێت، بەوە رازی بین، بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکان لە دەرەوەی پەرلەمان و ناو پەرلەمان کۆبوونەوەیەک دەکەن".

 

بڵند ئیبراهیم