Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی 3: داوایان لە ئێمە کردووە بەشداری کۆبوونەوەکە بكه‌ین

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ لایەنەکان لە کەرکووک کۆدەبنەوە و بەرنامەیەک بۆ یادەکانی ئادار و نەورۆز دادەنرێت. دەشڵێ: "ئێمە دەمانەوێت بە جۆرێک لە کەرکووک بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەین، کە هەر بڕیارێک بدەین جێبەجێی بکەین".

محەمەد کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لایەنەکان لە کەرکووک کۆبوونەوەیەک ساز دەکەن لەبارەی یادەکانی ئادار و نەورۆز و دانانی بەرنامەیەک بۆ یادکردنەوەی ئەو یادانە، داواشیان لە ئێمە کردووە بەشداری کۆبوونەوەکە بین و ئێمەش پێمان گوتن، ئێمە لاریمان نییە لە بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئێمە بە فەرمی لەوێ نین، هاتن و نەهاتن بۆ ئێمە وەکو یەکە، چونکە ئێمە کاتێک بڕیار دەدەین کە خۆمان لەوێ بین و بڕیارەکە جێبەجێ بکەین".

کەمال گوتیشی: "ئێمە تا ئێستا خۆمان یەکلا نەکردووەتەوە بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا، بە هۆی ئەوەی بە فەرمی بارەگاکانمان لەوێ نین کە بتوانین بەشداری چالاکییەکان بکەین، بەڵام بەم  زووانە وەریاندەگرینەوە و دەگەڕێینەوە".

 

بڵند ئیبراهیم