Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان

(٥)ی ئادار، ڕۆژێکی پڕ واتا و گرنگە لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و سەرجەم کوردستانیانی بەوەفا و خۆڕاگر و، وەرچەرخانێکی دیکەی بوو زنجیرەی خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە.

ئەو ڕاپەڕینە، کە هەمیشە مایەی شانازییە بۆ مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان، بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و پێشمەرگە دلێرەکان بوو.

ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی(٥ـی ئادار) بە بڕیاری بەرەی کوردستانی و سەرکردایەتی سیاسی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە بەشداری جەماوەری دڵسۆز بەرنامەی بۆ داڕێژراو، لە (٥ـی ئاداری ١٩٩١)لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لە چەخماخەی دا و دواتر سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە بە کەرکوکی دڵی کوردستانیشەوە.
ڕاپەڕین، زەڕووڕەتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی بوێرانە و ڕەوای گەلەکەمان بوو، پاش ساڵەهای ساڵ لە خەبات و قوربانیدان ئەو سەرکەوتنە مەزنە بەدەست هات و، کوردستانیان سەلماندیان کە دواجار بە بیروباوەڕی ڕاستەقینەی نیشتیمانپەروەی و خۆڕاگری و گیانی شۆڕشگێڕیانە گەلی ستەمدیدە هەر بە ئامانجەکانی خۆی دەگات.

لە دەستکەوتە هەرە گرنگە سیاسییەکانی ڕاپەڕین بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی بوو، کە بڕیاردان بوو لەسەر سیستەمی سیاسی فیدراڵیی، هەروەها لە (١٩ـی٥ـی١٩٩٢)ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردستان هەڵبژێردرا و حکومەتی کوردستان پێکهات بۆ بەڕێوەبردن و هەڵسووڕاندنی کاروبارەکانی هەرێم.
بەدرێژایی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان کە شەرعیەتی یاسایی خۆی هەیە، ئامانجەکانی گەلەکەمان و کوردستانییان لەو هەرێمەدا بە پێی کارنامەی کابینەکانی حکومەت دەهاتە دی لە ڕێگای پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوەدانی و بونیاتنانەوە و بژێوی هاووڵاتیان، هەروەها  تێکڕای بوارەکانی ئاسایش و پیشەسازی و تەندروستی وکشتوکاڵ و پەروەردە و گەشتیاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

هاووڵاتیانی بەڕێز..

ئەمڕۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەوتۆ دایە، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتیانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی ڕۆڵی گرنگی خۆمان ببینین و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیانەی هەرێم بەهێزتر بکەین.

لەسەر ئاستی هەرێم ئومێدەرارین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان هەماهەنگی زیاتر بکەن و نەخشەڕێگایەکی گونجاو دابڕێژن بۆ چارەسەرکردنی پرس و کێشە هەنووکەییەکان، لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێچکەی ڕاستی خۆی بگرێ بۆ چارەسەرکردنی بابەتە گرنگەکانی ئەمڕۆ لە ئارادان وەک پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەکانی دیکە.

لەو یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی نێوخۆیی کوردستان دەکەینەوە و داوادەکەین بە هەموو لایەک هەوڵ و کۆششمان یەک بخەین و بەرپرسانە کاربکەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و  ئامانجە نزیک و درێژخایەنەکانمان لە ئەولەویەتی بەرنامە و کارنامەکانمان بێت. 

بۆ ئەوەی رۆژی (٥ـی ئادار) وەک یادێکی ئاسایی و تەنیا بۆنەیەکی مێژووی ڕەت نەبێ، بەڵکە هەمیشە مایەی شانازیمان بێت، پێویستە دەرهاویشتە و وانەو و دەرەنجام و دەستکەوتەکانی هەمیشە هاندەر و ڕێنیشاندەرمان بن بۆ یەکڕیزی و هاوئاهەنگی زیاتر و بنەما ئەرێنییەکانی پەیڕەوبکرێن بۆ بەدیهاتنی مافەکانمان و لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتی دابن.

بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوام بوون لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەما ڕاست و دروستەکانی دیموکراسیەت و هەمەڕەنگی و هەمەلایەنی بیروباوەڕی سیاسی و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی، هەروەها چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.

لە یادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی(٥ـی ئادار)سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین..
سڵاو بۆ جەماوەری خۆڕاگری کوردستان و پێشمەرگە دلێرەکان کە هەوێنی سەرکەوتنی ڕاپەڕین بوون..

دروود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی(٥ـی ئادار)..

سڵاو بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان..

هەر مەزن و شکۆدار بێت هێزی لەبننەهاتووی جەماوەر و بیرەوەری (٥ـی ئاداری١٩٩١)..
  
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ـی٣ـی٢٠٢٣