Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق دەکەن

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی، سەردانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق زۆر باش بوو، ھاتبوو پشتگیری خۆی بۆ حکوومەتی ئێستا و ھاوپەیمانی ئیدارەتی دەوڵەت دووپاتکردەوە و ئێمەش داوامان کرد بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کە ئێستا ژینگەیەکی باش ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان مەبەست لە سەردانی بۆ عێراق بۆ پشتگیریکردن بوو لە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە حکوومەتی لەسەر پێکھێندراوە، بڕیاریشە ناوبراو سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆببێتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشیکردەوە: "لە کۆبوونەوەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمەش بەشداربووین و باس لە کێشە و گرفتەکان کرا و پشتگیریەکانیشی بۆ سیادە و یەک پارچەیی عێراق و فیدراڵیەت بوو، ھەروەھا ئەو کێشانەی ئێستا ھەن و ئەو تەحدیاتانەی دێنە پێشەوە لەڕووی ژینگە و ئاو، بۆیە جەختیکردەوە لەو قۆناغە پشتگیری عێراق و ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بکەن".

دکتۆرە ڤیان سەبری ئاماژە بەوەش دەکات: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان من خۆم داوام کرد لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێم و بەغدا ئەوانیش بەشداربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی باشتر، کە ئێستا ژینگەیەکی ئیجابی ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن".

 

بڵند ئیبراھیم