Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕێکی مێژووی کورد: بەبێ بارزانی ناتوانین مێژووی کورد بنووسینەوە

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ ٤٤ ساڵ بەسەر ماڵئاواییی بارزانیی نەمر تێپەڕ دەبێت و پسپۆڕێکی مێژووی کوردیش پێی وایە، ھیچ پسپۆڕێکی مێژوو ناتوانێت مێژووی کورد لە سەدەی ڕابردوو بخوێنێتەوە، یان بنووسێتەوە، بەبێ ناوھێنانی بارزانیی نەمر. دەشڵێت، بارزانیی نەمر ئەوەندە ڕۆڵی ھەبووە لە ئوستڕالیاوە چاودێریی کراوە.

د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو، پسپۆڕی مێژووی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر مێژووی کورد بەوردی بخوێنینەوە چ بە دیدی خۆمان وەک خەڵکی ناوخۆ، یان بە دیدی خەڵکی بیانی و بەڵگە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی لە ئەرشیڤی وڵاتانی جیھان ھەیە بۆمان دەردەکەوێت ھیچ پسپۆڕێکی مێژوو ناتوانێت مێژووی کورد لە سەدەی ڕابردوو بخوێنێتەوە، یان بنووسێتەوە، بەبێ ناوھێنانی بارزانیی نەمر، واتە بارزانیی نەمر بەشێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەی مێژووی کوردە لە سەدەی ڕابردوو،  نەمر لە ساڵی ١٩١٩ بە ھانای شێخ مەحموودەوە دەچێت و دواتر بە ھانای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانەوە دەچێت و لە تەمەنێکی زوودا توانیویەتی بچێتە نێو خەباتی شۆرشگێڕی.

ئەو پسپۆڕەی مێژوو دەشڵێت: "ژینگە بارزانیی نەمری دروست کردووە و خێزان و دەوروبەر و بنەماڵەی بارزان دروستیان کردووە، نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین ھەر لە شێخ عەبدولسەلامی دووەمەوە وەک پیشە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کەوتووەتە دەست بارزانییەکان، ئەمە ڕاستییە و من و ھەموو مێژوونووسێکی بێلایەن ددان بەوەدا دەنێت کە گەورەییی بارزانی و خەباتی بارزانی، فەرھەنگ و بیر و بۆچوونی بارزانی لە بابەتی عەدالەت و خۆبەدەستەوەنەدان و سازشنەکردن لەسەر مافەکانی گەلی کورد ھەمووی بوونە ھەوێنی دروستبوونی سەرکردەیەکی گەورە، ئەو سەرکردە گەورەیە لە گوندێکی دوورەدەستی وەک بارزان پەڕییەوە بۆ ھەموو کوردستان و نێو دڵی نەتەوە و لەوەیش زیاتر چووە نێو ئەرشیڤخانە نێودەوڵەتییەکانەوە.''

د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئوستڕالیا کیشوەرێکی سەربەخۆیە و ھەندێ بەڵگەنامەم لە ئەرشیڤی ئوستڕالیاوە بۆ ھات کە لە ئوستڕالیاوە بەوردی چاودێریی بارزانیی نەمر کراوە، جگە لە ئەرشیڤخانەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دەوروبەر و بەریتانیا و تەنانەت وڵاتانی عەرەبییش، بارزانی توانیویەتی بە خەباتی خۆی و پاڵپشت بە نەتەوەی خۆی ڕێبەرێک بێت لە تەک ڕێبەرانی نەتەوەی خۆی ھەژمار بکرێت.

د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو گوتی: "بەشداری و ڕابەرایەتیی بارزانی لە چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین و شەڕ لەدژی نەیارانی کورد وەک شەڕی برقی بەگ و دۆلا ڤاژی و دواتر پەڕینەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و بەشداریی لە کۆماری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ عێراق و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ئەوە بە کردەوە بازرانیی کردە سیمبول و سەرکردەیەک نەخشی لەنێو ڕووداوەکانی نێوخۆ و دەرەوەدا بینرا، ئەوەیش وای کرد نە دۆست و نە  دوژمنان نەتوانن ددان بە ڕێبەرایەتی و گەوەرییی بارزانیی نەمردا نەنێن.''

 

قائید میرۆ