ئاكرێ-KDP.ifo- پسپۆڕێكی فه‌لسه‌فه‌ی سزای یاسایی پێی وایه، یاسای چه‌كی ساڵی 2022 بۆ نه‌هێشتنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌نگاوێكی ئەرێنییه و پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه به شێوه‌ی مه‌یدانی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، جۆرێك له ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌ڵگورد عه‌زیزخان، پسپۆڕی یاسایی و مامۆستای زانكۆ له زانكۆی ئاكرێ، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: "دیارده‌ی چه‌كداری، دیارده‌یه‌كی جیهانییه و له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی دونیادا به رێژه و شێوه‌ی جیاواز به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌شێكی هۆكاره‌كان بۆ دابونه‌ریت، به‌شێكی دیكه‌ش بۆ جه‌نگ و شه‌ڕه چه‌كدارییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌رێمی كوردستانش به هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی سیاسی و چه‌قی ڕووداوه سیاسییه‌كان، به تایبه‌تی جه‌نگ و شه‌ڕه‌كانی دژ به رژێمه نادیموكراسییه‌كانی عێراق به هۆی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر خاك و سه‌ركوتكردنی ناسنامه و شوناسی تاكی كورد، هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك داعش له‌لایه‌ك، نه‌ریته كۆنه‌كانی خێڵه‌كی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری له‌لایه‌كی تر، فاكته‌ری سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی چه‌كدارین له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، دیاره پێشتر بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری، په‌رلەمانی كوردستان یاسای چه‌كی ژماره (16)ی ساڵی 1993ی ده‌ر‌كرد، كه كۆمه‌ڵێك ئه‌حكامی گرینگی له خۆ ده‌گرت، به‌ڵام له ده‌ره‌نجامی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ناكۆكییه سیاسییه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، یاساكه نه‌یتوانی له ئه‌رزی واقیعدا ئه‌و ئامانجانه به‌دیبێنێت كه بۆی داڕ‌ێژرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیسانه‌وه له ئێستادا هه‌وڵه‌كانی سه‌روه‌ركردنی یاسا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده نایاساییه‌كان وه‌ك پرۆگرام و كارنامه‌ی سه‌ره‌كیی كابینه‌ی ئێستای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێنا ده‌كرێت، له‌م به‌ستێنه‌شدا ده‌رچوواندنی یاسای نوێی چه‌ك ژماره 2ی ساڵی 2022 له هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵێكی دیكه‌ی گرینگه بۆ پاراستنی ئه‌منی نیشتیمانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوان، هۆکارەکانی دەرکردنی یاسای نوێی چەکی ژمارە 2 ی ساڵی 2022 ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه، زیادبوونی چه‌ك له ده‌ستی هاووڵاتیان ببووه مه‌ترسیی گه‌وره له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، سه‌ره‌نجام مه‌ترسیی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ئاسایشی مرۆیی و ئازادیی تاك دروست ده‌كرد و حاڵه‌ته‌كانی كوشتنی به‌ره‌و زیادبوون برد. له‌سه‌ر ئاستی خێزانیشدا دیارده‌كانی خۆكوشتن و توندوتیژیی خێزانی زێده‌تری به دوای خۆیدا هێنابوو. بۆیه ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه وه‌ك هه‌نگاوێكی گرینگ دێته هه‌ژماركردن بۆ سنوورداركردنی دیارده‌ی چه‌كداری له كوردستان و به‌شارستانیكردن".
د. هه‌ڵگورد هه‌روه‌ها گوتی: "پاش ده‌رچوواندنی یاسا نوێیه‌كه، وه‌زاره‌تی ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك لایه‌نی جێبه‌جێكار كۆمه‌ڵێك رێنمایی و بڕیاری گرینگی بۆ شرۆڤه‌كردن و جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی یاسای چه‌ك ده‌ركردووه، له‌وانه رێنمایی ژماره (5) و رێنمایی ژماره (6) كه، رێنمایی ژماره (5) بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چه‌ك ژماره (2)ی ساڵی 2022ی تایبه‌ت به مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتن و چاككردنه‌وه‌ی چه‌كی سووك و فیشه‌ك و دیاریكردنی پێداویستییه‌كان و داواكردن و دیاریكردنی مه‌رجه‌كانی تایبه‌ت به مۆڵه‌ت و شوێنی كڕین و فڕۆشتنی چه‌ك و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی مۆڵه‌تی چه‌ك به (وه‌زیری ناوخۆ، پارێزگار، سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی ئیداره سه‌ربه‌خۆكان). و دووه‌م رێنمایی كه رێنمایی ژماره (6) بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چه‌ك ژماره (2)ی ساڵی 2002 تایبه‌ت به ڕاماڵین و نه‌هێشتنی چه‌كه، كه به گوێره‌ی یاسا و رێنمایی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ (40) بنكه‌ی ڕاماڵین و نه‌هێشتنی چه‌ك ده‌كاته‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیسی پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان و به‌شه‌كانی پۆلیسی قه‌زا و ناحییه‌كان به ئامانجی تۆماركردنی ئه‌و جۆره چه‌كانه‌ی به گوێره‌ی یاسا دیاری كراون به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئاسایش، به‌ڵام دوای كۆتایهاتنی ماوه‌ی تۆماركردن، هه‌ر كه‌سێك هه‌ر جۆره چه‌كێك هه‌ڵبگرێت، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری و به‌شارستانیکردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، هه‌نگاوێكی گرینگه و جێگای ده‌ستخۆشییه، هه‌روه‌ها هێنانه‌دیی سه‌روه‌ریی یاسا كه رێزدار جه‌نابی سه‌رۆك (مه‌سعوود بارزانی) به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه نابێت له كوردستان كه‌س له سه‌رووی یاساوه بێت".
سه‌ڵاح جه‌لال