Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەمید ڕۆکن عادل جەباری: پشکنین بۆ پاسەوانانی سنوور دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا ئاشکرای کرد، ناوی ئەو کەسانەی بۆ پاسەوانی سنوور تۆمار کراون لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و تەنیا لەسەر بودجە ماوەتەوە. دەشڵێ، پشکنینیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە بنکەکانی چاودێریی سنوور زیاد بکرێن.

عەمید ڕۆکن عادل جەباری، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرکردایەتیی ئۆپەڕاسیۆنە ھابەشەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ناوانەی لە ھەرێمی کوردستان بۆ پاسەوانی سنوور تۆمار کراون بەرز کراونەتەوە و لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، تەنیا لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەوە وەستاوە بۆ ئەوەی پاسەوانانی سنوور بکەونە ئەرکەوە، بەڵام سەرەتا پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێتە کە دەبنە پاسەوانی سنوور، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنیان بە ئونلاین بووە و پێویستە لەلایەن لیژنەیەکەوە پشکنین بۆ ھەموویان بکرێت و دواتر دەخرێنە سەر ئەرکەکانیان لە پاسەوانیی سنوور و، ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت.''

نوێنەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "پاسەوانانی سنوور ئەوانەی نوێ دادەمەزرێن ژمارەیان سێ ھەزار کەس بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون.''

عەمید ڕۆکن عادل جەباری ڕوونی کردەوە: "بە ڕێکەوتن و ھەماھەنگی کێشەکانی پاسەوانی سنووری چارەسەر دەکرێن و حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەندیی پێشان داوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانەی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور ھەیانە لە ھەرێمی کوردستان، بڕیارە لە ڕووی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستیی سەربازییەوە بۆیان دابین بکرێت، خاڵەکانی سنووری زیاد دەکرێن و بە ئامێری پێشکەوتوو چاودێریی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر دەکرێت.''

قائید میرۆ