Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیمارات لە زاخۆ پڕۆژەیەکی ستراتیژی جێبەجێ دەکات

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ ئاشکرای کرد، وڵاتی ئیمارات پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان لە زاخۆ جێبەجێ دەکات و دەشڵێ، پڕۆژەکە چوار وەرزە بەرھەمی دەبێت و دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڕەخسێنێت.

ئەندازیار جگەرخوین تاھیر، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، وڵاتی ئیمارات پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دەدات و پڕۆژەکە کشتوکاڵییە و لەسەر رووبەری ھەزار دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، سەرمایەی پڕۆژەکەش سێ ملیۆن دۆلارە، کە بەردی بناغە بۆ پڕۆژەکە دانراوە و لە ئێستادا لە قۆناغی پێدانی مۆڵەتە لە وەبەرھێنان، دوای رێکارەکانیش دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی زاخۆ گوتیشی، پڕۆژەکەی ئیمارات چوار وەرزییە و لە چوار بەش پێک ھاتووە، بەشێکی بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵی بەکاردێت و سێ بەشی دیکەی بەرھەمی کشتوکاڵی دەبێت، کە لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا بەرھەمی دەبێت.

جگەرخوین تاھیر روونیشی کردەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و دەرفەتی کار دەبێت، چونکە ھەزار و ٥٠٠ جووتیار دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێت، لە بەشی توێژینەوەش ٥٠ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا سوودمەند دەبن، ئەمە جگە لە زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆ.

 

قائید میرۆ