Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی، فەلاح حەسەن بەشداریی لە کۆنگرەی پارتی کەتائیبی لوبناندا کرد

فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتیی سەرۆك بارزانی بەشداریی لە كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبناندا كرد و لەلایەن سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێ كرا.

نوێنەری سەرۆک بارزانی، فەلاح حەسەن بەشداریی لە 32هەمین كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبناندا لە بەیرووت، پایتەختی ئەو وڵاتە كرد و سڵاوی سەرۆک بارزانی و  پەیامی دۆستایەتی و ئاشتیی جەنابیانی گەیاندە سامی جومەیل، سەرۆكی پارتی كەتائیب و ئەندامانی كۆنگرە و ئامادەبووان.

سەرۆكی پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتیی لوبنان (کەتائیب) سوپاسی سەرۆک بارزانیی كرد بۆ ناردن و بەشداریی نوێنەری بەڕێزیان و دووپاتیشی كردەوە كە دۆستایەتیی ئەوان و گەلی كوردستان دۆستایەتییەكی تۆكمەیە و ڕێز لە مافەكانی گەلی كوردستان و خەباتی نەپچڕاوی شۆڕشە یەک لە دوای یەكەكانی مەلا مستەفا بارزانی و بنەماڵەكەیان دەگرن.

وەك ڕێزێک بۆ بەشداریكردنی نوێنەری سەرۆک بارزانی  لە 32هەمین كۆنگرەی پارتی كەتائیبی لوبناندا، ئەمین جومەیل، سەرۆککۆماری پێشووی لوبنان، ئێوارەخوانێكی بۆ فەلاح حەسەن ڕێک خست و، لەوێ‌ گوتی: "دۆستایەتیی ئێمە و بەتایبەتی بنەماڵەكەمان لەگەڵ گەلی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی. باوكم (بەیار جومەیل) دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی و كۆمەڵایەتیی لوبنان (كەتائیب) دۆستایەتییەكی گیانی بە گیانیی هەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و لایەنگرێكی سەرسەختی شۆڕشی مستەفا بارزانی بوو."

لە بەرامبەردا فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی سڵاوی سەرۆک مەسعود بارزانیی گەیاندە ئەمین جومەیل و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو ئێوارەخوانە تایبەتییەی بەڕێزیانی كرد.

سەرۆککۆماری پێشووی لوبنان، ئەمین جومەیل، دڵسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی كرد كە ڕۆڵێكی مێژوویییان هەبووە بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان و پێشخستنی هەرێمی كوردستانی عێراق كە بووەتە ناوبانگێكی دیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.