Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕانی یاسایی: پێویستە ڕێگری لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی دژ بە کورد بکرێت

هەڵەبجە -KDP.info- دادگاى فیدراڵى پاش ئەوەى بڕیاری دا لەوەى حکوومەتى عێراق بۆى نییە ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت، ناڕەزایی گەورەى بەدواى خۆیدا هێنا و بڕیارەکەى بە سیاسى و دژ بە بەرژەوەندیى گەلى کورد شرۆڤە کرا و یاساناسان دەڵێن، پێویستە ڕێگرى لە بڕیارەکانى ئەو دادگایە بکرێت لە ڕێگەى گوشارى نێودەوڵەتى و گۆڕانکارى لە یاساکە و زیادکردنى ئەندامەکانى.

زانا تۆفیق بەگ، شارەزای یاسایی، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "دادگاى فیدراڵیى عێراق کەوتووەتە ژێر هەژموونى مەزهەبى شیعە و ئەو بڕیارانەى لە دادگاکەوە دەردەچێت سیاسین، نەک یاسایی و دەیانەوێت قەوارەى دەستووریى کوردستان بچووک بکەنەوە، لە بەرامبەر ئەم بڕیارە نایاساییانە کوردستان دەتوانێت ڕێکارى نێودەوڵەتى بگرێتە بەر".

گوتیشى: "لە ڕێگاى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بەغدا و هەولێر، سکاڵا بکات کە ئەو دادگایە دادگایەکى سیاسییە، تاکوو متمانەى دادگاکە لە ناوەندى نێودەوڵەتى بچووک بکاتەوە و وەک دادگایەکى سیاسى بناسرێت، نەک دادگایەکى یاسایى، پاشان لە ڕێگەى نوێنەرایەتیى یەکێتیى ئەورووپا سکاڵا تۆمار بکات کە دادگاى فیدراڵى بێلایەنیى لەدەست داوە و بووەتە لایەنگر و لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق ئاڕاستە دەکرێت دژ بە بەرژەوەندییەکانى گەلى کورد بڕیار دەردەکات".

محەمەد ساڵح، پسپۆڕى یاسایى، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "دادگاى فیدراڵیى عێراق بە غەڵەتى دامەزراوە، چونکە تەوازنى تێدا نییە لە نۆ کەس پێک دێن تەنها دوو کەسیان کوردن و شەش کەسیان سوننە و شیعەن و یەک کەسیش مەسیحییە، ئەوەش تەوازنى تێدا نییە، دادگاکە لەژێر هەژموونى میلشیان لە بەغداوە کاریگەریى دەوڵەتى دراوسێیش لەسەر هەیە".

محەمەد ساڵح گوتیشى: "وڵاتى ئەڵمانیا ١٦ ولایەتە، ١٦ ئەندام لە دادگاى فیدراڵى ئەندامن، بۆیە پێویستە دادگایەکى نوێی دەستووریى فیدراڵى دروست بکرێت، هەموو پارێزگاکان دادوەرێ تێدا ئەندامبێ ئەوکاتە کورد ڕێژەى ئەندامەکانى زیاد دەکات، تەوازنێک دروست دەبێ ناتواندرێ بە مەزاجى خۆیان بڕیار بدەن، پێویستە زوو یاساکەیان بگۆڕدرێ و بڕیارەکانى دادگاکە لە بەژەوەندیى هەموو گەلانى عێراق و کوردستان بێت، دەبینین کاتێ هەولێر و بەغدا لێک نزیک بوونەوە بڕیارێکیان دەرکرد بووە فەوزا بۆ وڵات و دەسەڵاتى ئەوەى نییە نانى هاووڵاتییان ببڕێت".

عەزیز ڕەسووڵ