Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. فازڵ نەبی: حکوومەتی عێراق بڕیاری نوێ لەبارەی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە دەدات

هەولێر -KDP.info- شارەزایەکی داراییی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەیەوێ بڕیارێکی نوێ بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی ھەرێمی کوردستان دەربکات و لەبارەی نرخی دۆلاریشەوە دەڵێت، ھیچ دەرفەتی تێدا نییە دۆلار دەگەڕێتەوە نرخی پێشوو.

د. فازڵ نەبی، شارەزا لە داراییی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش عێراق ٢٠٠ ملیاری پشکی ھەرێمی کوردستان نەنارد، دواتر سەرۆکوەزیرانی عێراق رێگایەکی دیکەی بەکار ھێنا، ئەویش سیستەمی قەرز دواتر لەنێو بودجەی عێراق جێگەی بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی دژی ئەو ھەنگاوە وەستایەوە و ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت بڕیارێکی دیکە دەربکات، ئەویش ناردنی ٢٠٠ ملیاری مانگانە و دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە مەقاسە بکرێت.''

لەبارەی نرخی دۆلاریشەوە ئەو شارەزایەی دارایی لە عێراق گوتی: "ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی زۆر لەسەرەخۆن، رۆژانە خستنەڕوو کەمترە لە خواست، بەڵام ھێدی ھێدی لەگەڵ ھەنگاوەکان کاریگەریی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت، ئەگەر ئێستا نرخی دۆلار بەرز بێت، بەڵام ئەوە بۆ ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە.''

د. فازل نەبی روونی کردەوە: "ھیچ چارەسەرێک نییە لەبارەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق تەنیا دابەزین نەبێت، واتە نرخی دۆلار ھەر دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشووی ئەوە گومانی تێدا نییە، ھەر حکوومەتێک لە عێراق ھەبێت کاری دابەزاندنی دۆلار دەبێت.''

قائید میرۆ